ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، بە فەرمی داوای لە ئەنجومەنی نوێنەران کردووە پارێزبەندیی یاسایی لەسەر پەرلەمانتار محەمەد کەربولی هەڵبگرێت، بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا لەسەر دۆسیەیەکی پەیوەندیدار بە وەرگرتنی بەرتیل.
بەپێی ڕاپۆرتی میدیا فەرمییەکانی عێراق، ئەنجومەنی باڵای دادوەری، ئەمڕۆ یەکشەممە، داواکارییەکی ئاراستەی پەرلەمان کردووە بۆ لابردنی پارێزبەندی لەسەر محەمەد کەربولی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی "عەزم".
ئەم داواکارییەی دەسەڵاتی دادوەری دوای ئەوە دێت کە تۆمەتی داواکردنی بەرتیل ئاراستەی ئەم پەرلەمانتارە کراوە. بەپێی زانیارییەکان، کەربولی تۆمەتبارە بەوەی داوای پارەی کردووە لە بەرامبەر دەستوەردانی ناڕەوا بۆ ڕاگرتنی کارەکانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە، بەمەبەستی هێشتنەوەی بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک لە پۆستەکەیدا.