بزوتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق بە فەرمی بڕیاری جیابوونەوەی لە باڵە سەربازییەکانی ناو حەشدی شەعبی راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و بەفەرمی جیادەبێتەوە ودەڵێت "هەموو چەک و پێداویستییە لۆجستییەکانی دەخرێتە ژێر فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق".
سێ شەممە، ٢ حوزەیران ٢٠٢٦، بزوتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق رایگەیاندوە ئەم بڕیارە لە پێناو پابەندبوونە بە داواکاریی مەرجەعیەتی باڵای ئایینی و پاڵپشتیکردنی هەڵوێستی نیشتمانیی لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی و جەختکردنەوەیە لەسەر ئەو پڕۆژەیەی کە شێخ قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزوتنەوەکە لە ساڵی ٢٠١٧ ـەوە پێشنیازی کردبوو، بۆ جیابوونەوەی باڵی سیاسی لە سەربازی و کۆنترۆڵکردنی چەک لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا.
بزوتنەوەکە ئاماژەی بوەشکردوە کە لیژنەیەک بۆ ئەو مەبەستە پێکیندراوە، ئەو لیژنەیە جگە لە دەستەبەرکردنی پێویستییەکانی جێبەجێکردنی بڕیاری پچڕانی پەیوەندی، سەرژمێریی چەکداران و چەک و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانیان دەکات و دەیانبەستێتەوە بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە.
لیژنەکە لە ئەندامییەتی هەر یەک لە (ڕافد ساڵح عەلی، عەبدولڵا شاکر کامل و عەلی حەمزە کازم) پێکدێت، کە ئەرکیان جێبەجێکردنی سەرجەم ڕێکارە یاسایی و سەربازییەکانی ئەم گۆڕانکارییە دەبێت.
هەر ئەمڕۆ عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ شاری نەجەف ئاشکرای کرد، کە گرووپەکانی بەرەی موقاوەمە چاوەڕوانی کۆتاییهاتنی مانەوەی هێزە نێودەوڵەتییەکانن بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی چەک. ئاماژەی بەوەکردوە کە مانگی ئەیلوول کە وادەی دیاریکراوی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانانە لە عێراق، دەبێتە خاڵی وەرچەرخان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆسەی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا.