دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە بەغدا
ئەنجامی سەرەتایی لێکۆڵینەوەی لە دۆسیەی عەدنان محەمەد مەحمود، بریکاری پێشووی
وەزیری نەوتی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دەست بەسەر بڕێکی زۆر پارەی کاش، زێڕ، چەک و
دەیان موڵکدا گیراوە.
لە راگەیەنراوێکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق کە ئەمڕۆ
سێشەممە ٢ی حوزەیران بڵاوکرایەوە، لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ تۆمەتباری دەستبەسەرکراو
(عەدنان محەمەد مەحمود) و گروپەکەی، ئەنجامی گەورەیان هەبووە و دەست بەسەر چەندین
موڵک و ماڵی ئەوان و ئەو کەسانەشدا گیراوە کە پەیوەندییان بە دۆسیەکەوە هەبووە.
داوەری تایبەتمەند بە دۆسیەکە دەڵێ: "تاوەکو ئێستا
دەست بەسەر نزیکەی ٤٠ موڵکدا گیراوە کە دەکەونە پارێزگاکانی بەغدا، سەلاحەدین و
هەولێر."
سەبارەت بە بڕی ئەو پارە و زێڕەی لەو دۆسیەیەدا دەستی
بەسەردا گیراوە، دادوەرەکە دەڵێ: "توانراوە بڕی ١٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی و ٣
ملیار دیناری عێراقی، لەگەڵ کیلۆ و نیوێک زێڕ دەستی بەسەردا بگیرێ."
بە پێی راگەیەنراوەکەی دادگا، لە ماڵی تۆمەتبار و گروپەکەیدا
بڕێکی زۆر چەکی سووک و مامناوەند دۆزراونەتەوە و دەستیان بەسەردا گیراوە.
دادوەریی لێکۆڵینەوەجەخت لەوەش دەکاتەوە کە ئەمە کۆتایی دۆسیەکە نییە و رایگەیاند:
"لێکۆڵینەوەکان هێشتا بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی هەموو ئەو کەس و لایەنانەی
پەیوەندییان بەم تاوانەوە هەیە."
عەدنان محەممەد مەحموود لە سەردەمی محەمەد شیاع سودانیدا
بریکاری وەزیری نەوتی عێراق بۆ کاروباری پاڵاوتن و بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای
پاڵاوتنی باکوور و پاڵاوگەی بێجی بوو.
عەدنان محەممەد یەکێکە لەو بەرپرسە باڵایانەی لە چوارچێوەی
هەڵمەتەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە عێراقدا لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێ. رۆژی
شەممە ٣٠ی ئایاری ٢٠٢٦ لە ناوچەی ئیسحاقی لە پارێزگای سەلاحەدین دەستگیرکرا.