ئەمڕۆ چوارشەممە (٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە بەغدا پێشوازیی لە دوو شاندی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهل حەق و کەتائیب ئیمام عەلی کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆک وەزیران، لە دیدارەکەدا عەلی زەیدی سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی قەیس خەزعەلی و شبل زەیدی کردووە بۆ هەڵوێستە بەرپرسیارانەکانیان لە بەهێزکردنی ڕەوتی بونیادنانی دەوڵەت، و دەستخۆشیی لێکردوون بۆ جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی مەرجەعیەتی باڵای ئایینی و پشتیوانیکردنی بەرنامەی حکوومەت بۆ هێشتنەوە و کۆنترۆڵکردنی چەک تەنیا بەدەست دەوڵەتەوە.
سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەش کردووە کە عێراق لە سایەی ئەو سەقامگیرییە ئەمنییەی بەدەست هاتووە گۆڕانکارییەکی گرنگ بەخۆیەوە دەبینێت، و قۆناغی ئێستاش پێویستی بە یەکخستنی هەوڵەکان هەیە بۆ بونیادنان و ئاوەدانکردنەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار دراوە لیژنەیەکی هاوبەش پێکبهێنرێت بۆ دانانی میکانیزمێکی گونجاو بەمەبەستی جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندیی ئەو هێزانە بە حەشدی شەعبییەوە و کۆکردنەوەی چەکەکانیان لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا، بە شێوازێک کە تەواو لەگەڵ دەستوور و یاساکانی عێراقدا یەکبگرێتەوە.
هاوکات، بزووتنەوەی عەسائیب ئەهل حەق بە سەرۆکایەتیی قەیس خەزعەلی و کەتائیب ئیمام عەلی بە سەرۆکایەتیی شبل زەیدی، دوو باڵی سەربازیی دیار و کاریگەری نێو دەستەی حەشدی شەعبین و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڕیاری چەکدانانیان دا، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە پێشتریش موقتەدا سەدر فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سەرایا سەلامی دابوو.