کێبڕکێ و ناکۆکی ناوخۆیی گرووپە چەکدارەکانی عێراق گەیشتە قۆناغێکی مەترسیدار، دوای ئەوەی میلیشیای کەتیبەی سەیدولشوهەدا بە توندی هێرشی کردە سەر قەیس خەزعەلی و گرووپی عەسائیبی ئەهلی حەق و تۆمەتباری کردن بە خیانەتکردن لە پێناو بەدەستهێنانی پۆستی وەزارەتدا، ئەمەش دوای ئەوەی عەسائیب و چەند گرووپێکی دیکە ڕازی بوون چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، بزووتنەوەی نوجەبا بە فەرمی دژایەتی خۆی بۆ پرۆسەی چەکداماڵین ڕاگەیاند و ئەکرەم کەعبی، ئەمینداری گشتی بزووتنەوەکە جەختی کردەوە کە چەکی ئەوان هێڵی سوورە و تا دوا هەناسە ڕادەستی ناکەن.
هاوکات سەرۆکی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی نوجەبا ڕوونکردنەوەی دا کە بڕیارەکەی حکوومەتی عەلی زەیدی بۆ کۆکردنەوەی چەک تەنها ئەو چەکانە دەگرێتەوە کە دەبنە هۆی پشێوی، نەک چەکی پیرۆزی بەرەی موقاوەمە.
ئەم تەنگژە قووڵە لە کاتێکدایە کە چوارچێوەی هەماهەنگی پاڵپشتی خۆی بۆ سەرۆک وەزیران دەربڕیوە بۆ ڕێکخستنەوەی چەک، بەتایبەت دوای ئەوەی موقتەدا سەدر بڕیاری دا سەرایای سەلام بخاتە ژێر فەرمانی دەوڵەت و دوابەدوای ئەویش عەسائیب و کەتیبەکانی ئیمام عەلی لیژنەیان بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانیان پێکهێنا، لە بەرامبەردا حکومەت و لایەنە سیاسییەکان لەسەر تەرخانکردنی ٣٥ هەزار هەلی کار بۆ ئەو چەکدارانەی چەک دادەنێن ڕێککەوتوون.