''قەیرانی بەنزین عێراقی گرتووەتەوە و ڕۆژانە ٥ ملیۆن لیتر کورت دەهێنێت''

وەزارەتی نەوتی عێراق، دوای ئەوەی چەندین جار بوونی هەر جۆرە قەیرانێکی بەنزینی لە وڵاتدا ڕەت دەکردەوە، دواجار دانی بە کەمیی بڕی بەنزیندا نا و هۆکارەکەشی بۆ کشانەوەی کۆمپانیایەکی بیانی بەهۆی بارودۆخی ئەمنی و ڕووداوەکانی ناوچەکە گەڕاندەوە.

وەزارەتی نەوت لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند'' ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە کاریگەریی نەرێنییان لەسەر پیشەسازیی نەوتی وڵات دروستکردووە، بەتایبەت کشانەوەی کۆمپانیایەکی بیانی لە پڕۆژەیەکی گرنگی پاڵاوگەکانی باشوور بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە، کە ئەمەش بووەتە هۆی لەدەستدانی ڕۆژانە ٤ بۆ ٥ ملیۆن لیتر بەنزینی ئۆکتان بەرز.''

بەپێی بەیاننامەکە، لە ئێستادا بەرهەمهێنانی ناوخۆیی بەنزین نزیکەی ٣٠ ملیۆن لیترە لە ڕۆژێکدا، بەڵام بەهۆی پشووی جەژنی قوربان و زیارەتە ئاینییەکانەوە، ئاستی بەکارهێنان بۆ ٣٤ ملیۆن لیتر لە ڕۆژێکدا بەرزبووەتەوە، ئەمەش بۆشاییەکی ٤ ملیۆن لیتری لە نێوان بەرهەمهێنان و بەکارهێناندا دروستکردووە.

وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوەش کردووە کە پاڵاوگەکان بە تەواوی توانایانەوە کاردەکەن بۆ پڕکردنەوەی خواست لە ڕێگەی بڕی کۆگاکراوەوە، و ئاشکرای کرد کە ئاستی بەکارهێنانی بەنزین لە ڕۆژی چوارشەممەدا گەیشتووەتە نزیکەی ٣٥ ملیۆن لیتر، ئەمەش بەرزترین ڕێژەیە کە تا ئێستا تۆمارکرابێت، لە کاتێکدا پێش ڕووداوەکانی ناوچەکە بەرزترین ئاستی بەکارهێنان لە ٣٢ ملیۆن لیتر تێپەڕی نەدەکرد.



AM:10:07:04/06/2026