لە وشکەساڵیەوە بۆ پڕبوونی لە ٪٨٠ بەنداوەکان

‌ئەرشیف، رووباری فورات

وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، خالید شیمال لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا زانیاری سەبارەت بە ڕێژەی ئاوی گلدراوە لە ناو بەنداوەکانی عێراق و بڕی ئەو ئاوەی بەهۆی بەردانەوەی ئاو لە تورکیاوە گەیشتوەتە عێراق ئاشکرا دەکات.

پێنج شەممە، ٤ حوزەیران ٢٠٢٦، وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق رایگەیاند "پێش دەستپێکی وەرزی زستان، بڕی ئاوی گلدراوەی ستراتیژیی عێراق کەمتر لە ٥ ملیار مەتر سێجا بوو، بەڵام ئێستا ئەم بڕە شەش هێندە زیادیکردووە، ئەمەش بڕێکی زۆر باشە بۆ تێپەڕاندنی وەرزی هاوینی ئەم ساڵ بەبێ کێشە، تێکەڵبوونی شەپۆلی بارانەکانی وەرزی بەهار و توانەوەی بەفر، عێراقی بە تەواوی لە قۆناغی مەترسی و وشکەساڵی دوورخستووەتەوە".

لەبارەی ئەو ئاوەی لە تورکیاوە لە چەند رۆژی رابردوو بەردراوەتەوە خالید شیمال وتویەتی "ئەو شەپۆلە ئاوەی کە لە رۆژانی رابردوودا لە تورکیاوە بەرەو سوریا دەهات بڕەکەی هەزار و ٨٠٠ مەتر سێجا بووە لە چرکەیەکدا، ئەوەی ئێستا گەیشتووەتە سنووری عێراق و سوریا، بڕەکەی دەگاتە هەزار و ٤٥٠ مەتر سێجا لە چرکەیەکدا، چاوەڕوان دەکرێت لە دوو رۆژی داهاتوودا ئەم بڕە کەمێک زیاد بکات و پاشان جێگیر ببێت، کە ئەمەشکاریگەرییەکی گەورەی لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی ئاوی رووباری فورات دەبێت".

"بەنداوەکانی موسڵ، دووکان، دەربەندیخان، عوزێم و حەمرین ئاستی ئاویان زۆر بەرزبووەتەوە و هەندێکیان ٪٨٠ پڕبوون، سەبارەت بە بەنداوی حەدیسە کە پار بڕێکی کەم ئاوی تێدا بوو ئاماژەی بەوە کرد، شەپۆلێکی گەورەی ئاوی لە فوراتەوە بۆ دەچێت و ئاستی پڕبوونی لە ٪٣٠ یـەوە بەرز دەبێتەوە بۆ ٪٦٠ تا ٪٧٠"، وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق وا دەڵێت.

خالید شیمال لە کۆتایی قسەکانیدا جەختیکردەوە کە دۆخی ئاوی عێراق بەراورد بە ساڵانی رابردوو "زۆر باشترە و ئامادەکاری تەواو کراوە بۆ دابینکردنی پێویستییەکانی وەرزی گەرما".




PM:08:25:04/06/2026