ئەمریکا دەستی بەسەر کەشتی نەوت هەڵگری عێراقدا گرتوە؟


وەزارەتی نەوتی عێراق، راگەیاندراوێکی سەبارەت بەو دەنگۆیانە بڵاوکردەوە کە باس لە دەستبەسەراگرتنی کەشتیەکی نەوتی عێراق دەکەن لە لایەن ئەمریکاوە لە گەرووی هورمز.

شەممە، ٦ حوزەیران ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە " ئەو هەواڵانەی باس لە راگرتنی کەشتی گواستنەوەی نەوتی عێراقی لەلایەن هێزە ئەمریکییەکانەوە دەکەن، دوورن لە راستییەوە، وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای سۆمۆ پابەندی سەرجەم یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە هەناردەکردنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکانن".

هاوکات قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، درەنگانی شەوی رابردوو، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی "پێشتر ئێران رایگەیاندبوو کە عێراق لە رێکارەکانی تێپەڕبوون بە تەنگەی هورمز بەدەرکراوە، ئەو قسانەی لەبارەی پێدانی پارە لەلایەن عێراقەوە وەک پارەی تێپەڕبوون دەکرێن، "تۆمەتی بێ بنەمان و دوورن لە راستییەوە".

لە چەند میدیایەک و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وابڵاوکرایەوە کە کەشتیەک نەوتی خاوی عێراقی هەڵگرتوە و بۆ تێپەڕبوونی بە گەرووی هورمز پارەی بە ئێران داوە و لە بەرامبەریشدا ئەمریکا دەستی بەسەر کەشتییەکەدا گرتوە.




PM:04:40:06/06/2026