وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند'' ئەمریکا پێداگرە لەسەر داماڵینی چەکی گرووپەکان، چونکە واشنتۆن وا تەماشای ئەو چەکانە دەکات کە دژی ئەوان و دژی وڵاتانی کەنداو وەک هاوپەیمانانی ئەمریکا بەکارهاتوون.
فوئاد حوسێن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "الشرقیة نیوز" ئاشکرای کرد کە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق خۆی بە شەخسی دانوستان لەگەڵ گرووپەکاندا دەکات، و ئاماژەی بەوەش دا کە دۆسیەی داماڵینی چەک پێویستی بە پلان، دیاریکردنی وادەی زەمەنی و لێکتێگەیشتنی هەرێمایەتی هەیە.
ڕەخنەی لەوەش گرت کە زۆرێک لەم گرووپانە باڵی سیاسییان هەیە و لە حکومەتدا بەشدارن، لە کاتێکدا ناکرێت لایەنێک بەشێک بێت لە حکومەت و خاوەنی چەکیش بێت لە دەرەوەی دەوڵەت.
سەبارەت بە ناسنامەی گرووپەکان، وەزیری دەرەوە ڕوونی کردەوە کە لایەنی ئێرانی و گرووپەکانیش خۆیان وەک بەرەی مقاوەمە دەبینن، ئەمەش پێچەوانەی دەستووری عێراقە و پێویستی بە پێناسەکردنەوە هەیە. گوتیشی: ئەگەر ئەمانە مقاوەمەی هەرێمایەتین، ئەوا سەر بە ئێرانن و پەیوەندییان بە عێراقەوە نییە، وە ئەگەر مقاوەمەیەکی نیشتمانیی عێراقیشن، ئەوا ئێمە بەشێک نین لە شەڕ و پێویستمان بە مقاوەمە نییە.
لەسەر دۆخی دارایی عێراق، وەزیری دەرەوە هۆشداریی دا کە دۆخەکە نالەبارە و بانکی ناوەندی پەنای بۆ چاپکردنی ٢٥ تریلیۆن دینار بردووە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ناتوانرێت لە ڕێگەی چاپکردنی پارەوە دۆخەکە ئیدارە بدرێت چونکە هەڵاوسان دروست دەکات، و لە ئێستاشدا بەهۆی نەمانی داهاتەوە پەنا بۆ پارەی یەدەگ براوە.
جەختیشی کردەوە کە ئەگەر جەنگ تا کۆتایی ئەمساڵ بەردەوام بێت، عێراق دووچاری کێشە و کارەساتی دارایی گەورە دەبێتەوە.