وتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، دوایین هەنگاوەکانی حکومەتی فیدراڵی بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک و ڕێکخستنەوەی جومگە ئەمنییەکانی خستە ڕوو، هاوكات جەختی لە پێگەی یاسایی و دەستووریی هێزەکانی پێشمەرگە کردەوە.
سەباح نەعمان، ڕایگەیاند'' پرۆسەی سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و عێراق بەرەو سەروەرییەکی ڕەها لە ژێر چەتری یاسادا هەنگاو دەنێت.''
ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەیەکی باڵا بە فەرمانی سەرۆک وەزیران دەستی بە وەرگرتنی چەک، کەرەستە و سەربازگەکانی ناوچەی سامەڕا کردووە، بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە وابەستەیی سیاسیی هێزە پاڵپشتەکان و خستنەژێر فەرمانی دەزگا فەرمییەکان، لەگەڵ پاراستنی تەواوی مافە داراییەکانیان.
هەروەها گەورەترین ئاڵنگاریی ئێستا پاککردنەوەی شارەکانە لە دیاردەی چەکداری و ڕادەستکردنی دۆسیەی ئەمنی بە وەزارەتی ناوخۆ.
وتەبێژی فەرماندەیی گشتی جەختی کردەوە کە پرۆسەی کۆنترۆڵکردنی چەک هاوتەریبە لەگەڵ چەسپاندنی پێگەی هێزەکانی پێشمەرگە وەک کۆڵەکەیەکی دەستووریی دانەبڕاو لە سیستەمی بەرگریی عێراقدا. حکومەتیش پابەندە بە دابینکردنی چاودێری بۆ خانەوادەی شەهیدان و بریندارانی پێشمەرگە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتر هەندێک لایەن هەوڵیان دابوو پرسی پێشمەرگە تێکەڵ بە گرووپە چەکدارەکان بکەن، بەڵام لایەنی کوردی هەمیشە بەپشتبەستن بە دەستوور بەرگریی لە تایبەتمەندیی پێشمەرگە وەک هێزێکی فەرمیی هەرێم کردووە.
ئەم ڕێکخستنەوە ناوخۆییانە هاوکاتن لەگەڵ بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە کۆتایی مانگی ئەیلوولی داهاتوودا، بە مەبەستی گۆڕینی پەیوەندییەکان بۆ هاوبەشییەکی دووقۆڵی کە ڕێز لە سەروەریی عێراق بگرێت.
لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هۆشداریی دا کە بڕیاری ئەمنی تەنها لە دەستی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندایە، و عێراق بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات خاکەکەی بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێندرێت، هەروەها هیچ جۆرە دەستوەردانێکی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆیدا قبوڵ ناکات.