ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند'' سەرەڕای بوونی دەنگۆکان، بەڵام هیچ پلان یان گفتوگۆیەکی فەرمی لە لایەن حکومەتەوە لە ئارادا نییە بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی بە مەبەستی پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی.''
موزەر کرەوی، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، ڕاستە لە سێ مانگی ڕابردوودا هەناردەکردنی نەوت دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و ئەمەش لێکەوتەی توندی لەسەر بودجەی گشتی هەبووە، بەڵام حکومەت بیر لە بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار ناکاتەوە، چونکە هەر بڕیارێکی لەو شێوەیە کاردانەوەی خراپی ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕ دەبێت و چینە هەژارەکان و ئەوانەی داهاتیان سنووردارە زۆرترین زیانیان پێدەگات.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی جەختی کردەوە، حکومەت لە جیاتی دەستبردن بۆ نرخی دۆلار، جێگرەوەی دیکەی هەیە بۆ کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی پارە و بەرزکردنەوەی داهاتی گەنجینە، لە سەروو هەمووشیانەوە چالاککردنی داهاتە نانەوتییەکان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.