عێراق و ئەمریکا: گروپە چەکدارەکان هەڵدەوەشێنرێنەوە و کۆمپانیا نەوتییەکان دەگەڕێنەوە

عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان دەربارەی بەهێزکردنی هاوبەشیی نێوان بەغدا و واشنتن بڵاوکردەوە، کە تێیدا ئاماژە بە سەردانی نزیکی زەیدی بۆ کۆشکی سپی لە ناوەڕاستی مانگی تەممووزدا کراوە.

لە ڕووی ئەمنییەوە، هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر جێبەجێکردنی پلانێک بۆ داماڵینی چەک و هەڵوەشاندنەوەی تەواوی ئەو گروپە چەکدارانەی لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەتن، لەگەڵ مسۆگەرکردنی بێلایەنیی عێراق و ڕێگریگرتن لە بەکارهێنانی خاکی وڵاتەکە بۆ هەڕەشەکردن لە ئاشتیی ناوچەکە.

لە کەرتی ئابووری و وزەدا، بڕیاردراوە بە دەستپێکردنی دانوستان لەگەڵ کۆمپانیای "شیڤرۆن" بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکانی ڕۆژئاوای قورنە-٢ و ناسریە، لەگەڵ گەڕانەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکانی وەک (HKN ،Western Zagros ،Hunt) بە گەرەنتیی ئەمنی.

هاوكات هەنگاو نراوە بۆ نۆژەنکردنەوەی هێڵی بۆریی کەرکوک-بانیاس لە ڕێگەی کۆمپانیای "TI Capital". لە لایەکی دیکەشەوە، پێشوازی لە پێدانی مۆڵەت بە کۆمپانیای "ستارلینک" کراوە بۆ دابینکردنی ئینتەرنێتی خێرا لە عێراقدا.



AM:10:07:16/06/2026