لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی
دژە گەندەڵیدا لە عێراق، بەڕێوەبەری گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراقی بە تۆمەتی دزینی بڕێکی
زۆر پارە و پارێزگاری پێشووی سەڵاحەدینیش بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیر کران.
عەلا حەیدەری، پەرلەمانتاری
عێراق ڕایگەیاند کە مەناف عەبدولمونعیم، بەڕێوەبەری گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراقی، بە
تۆمەتی دزینی زیاتر لە ١١٥ ملیار دینار دەستگیر کراوە، هەندێک سەرچاوەی میدیایی بڕی
پارەکە بە ١٣٩ ملیار دینار خەمڵاندووە.
ئاماژە بەوە کراوە کە
بەڕێوەبەرەکە لە ڕێگەی ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێک لە فەرمانبەرانی بڕینی پسوولە، توانیویانە
ئەو پارەیە ببەن.
لە لایەکی دیکەوە، دەستەی
دەستپاکی عێراق ڕائید جبوری، پارێزگاری پێشووی سەڵاحەدینی دەستگیر کردووە، کە ئەمەش
دوای دانپێدانانەکانی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت دێت کە پێشتر
بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیر کرابوو.