ئەنجومەنی باڵای دادوەری رەتیدەکاتەوە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سودانی دەرچووبێت

‌محەمەد شیاع سودانی، سەرۆ وەزیرانی پێشووی عێراق

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە سەبارەت بەو نوسراوەی بڵاوبۆتەوە و باس لە فەرمانی دەستگیرکردنی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق دەکات.

سێ شەممە، ٢٣ حوزەیران ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "دوای بەدواداچوون و پەیوەندیکردن بە دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخی یەکەم لە بەغدا، دەرکەوت کە هیچ فەرمانێکی لەو شێوەیە دەرنەکراوە و ئەو نووسراوەی بڵاوکراوەتەوە ساختەیە".

"بەدواداچوون بۆ سەرجەم ئەو کەسانە دەکرێ کە دەستیان لەم کارە نایاساییەدا هەیە و رێکاری یاسایی تووندیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر، بەهۆی هەوڵدان بۆ چەواشەکردنی رای گشتی"، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق  وا دەڵێت.

ئەمە لە کاتێکدایە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنەی نووسراوێک بە لۆگۆی دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ بڵاوکرایەوە، کە تێیدا وا نیشاندراوە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ محەممەد شیاع سوودانی دەرکراوە.




PM:11:21:23/06/2026