وەزارەتی نەوتی عێراق، وەڵامی ئاژانسی رۆیتەرز دەداتەوەو دەڵێت" ئێمە لە ئۆپێک ناکشێینەوە"، بەڵام عێراق داوا دەکات رێگای پێبدرێت بڕی فرۆشتنی نەوتەکەی زیاد بکات.
وەزارەتی نەوتی عێراق ٢٥ حوزەیرانی، بە فەرمی ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە هەڕەشەی عێراق بۆ کشانەوە لە رێکخراوی ئۆپێک دەکەن و، جەختدەکەنەوە" هەڵوێستی فەرمیی حکومەت پابەندبوونە بە رێکخراوەکە و تەنیا داوای پێداچوونەوە بە پشکی بەرهەمهێنانیان کردووە".
"سەرۆک وەزیران و حکوومەتی عێراق بە هیچ شێوەیەک پرسی کشانەوەیان لە ئۆپێک باس نەکردووە، بەڵکو جەختیان لەسەر گرنگیی پێداچوونەوە بە بڕی بەرهەمهێنان کردووەتەوە، بەجۆرێک کە لەگەڵ توانای راستەقینەی بەرهەمهێنانی وڵات و بارودۆخی ئابووری و ئەمنیی عێراق بگونجێت."( وەزارەتی نەوتی عێراق جەختی لێدەکاتەوە).
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، وڵاتانی "ئۆپێک پڵەس" وەڵامی داواکارییەکەی بەغدادیان داوەتەوە و ئێستا لە رێگەی کۆمپانیایەکی راوێژکاری نێودەوڵەتی و سەربەخۆوە، پڕۆسەی هەڵسەنگاندن بۆ توانای بەرهەمهێنانی وڵاتانی ئەندام دەستی پێکردووە و عێراقیش تێیدا بەشدارە.
سەبارەت بە ئاسۆی داهاتووی بەرهەمهێنان، وەزارەتی نەوت روونی کردەوە، لە چەند مانگی داهاتوودا ئەو بڕە نەوتەی بە شێوەی ئارەزوومەندانە کەمکرابووەوە، قۆناخ بە قۆناخ دەگەڕێتەوە و ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی عێراق.
لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا هاتووە، وڵاتانی ئەندام تێگەیشتنی باشیان بۆ دۆخی تایبەتی عێراق هەیە، بەتایبەت ئەو زیانانەی لە ماوەی چوار دەیەی رابردوودا بەهۆی جەنگ و گەمارۆ و تیرۆرەوە بەر ژێرخانی نەوتی وڵاتەکە کەوتوون. ئامانجی عێراق ئەوەیە ئاستی بەرهەمهێنانی بگاتە ئاستێکی دادپەروەرانە و پێگەی خۆی وەک "دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەر" لە ناو رێکخراوەکەدا بپارێزێت.
پێشتر سەلیم روکابی، وتەبێژی وەزارەتی نەوت، بە ئاژانسەکانی راگەیاندبوو" بە ئەگەری کشانەوە لە ئۆپێک کردبوو ئەگەر پشکی بەرهەمهێنانی عێراق زیاد نەکرێت، هەروەها هەندێک سەرچاوەی حکوومیش باسیان لەوە کردبوو کە بەغدا خەریکی تاوتێکردنی بژاردەکانیەتی بۆ زیادکردنی هەناردەی نەوت".