سەرۆک وەزیرانی عێراق: دوای مانگی ئەیلول دەستکەوتەکانمان پێشکەش بە هاوڵاتیان دەکەین

‌عەلی زەیدی و پێشکەشكاری چاوپێکەوتنەکە

سەرۆک وەزیرانی عێراق، عەلی فالح زەیدی لە یەکەم چاوپێکەوتنی خۆیدا وەک سەرۆکی حکومەت لەگەڵ کەناڵی سکای نیوز کۆمەڵێک زانیاری لەر شێوازی بەڕێوەبردن و پلانەکانی داهاتوویان ئاشکرا دەکات و دەڵێت "لەدوای ٣٠ی ئەیلولیەوە ئەنجامی کارەکانی حکومەت و دەستکەوتەکانی پێشکەش بە هاوڵاتیان دەکەین نەک تەنها بەڵێن".

شەممە، ٢٧ حوزەیران ٢٠٢٦، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند "سەردانەکەمان بۆ واشنتۆن تەنها سەردانێکی پرۆتۆکۆڵی نییە، بەڵکو راگەیاندنی قۆناغێکی نوێیە لە هاوبەشی نێوان عێراق و ئەمریکا، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و رێزگرتنی یەکتر".

"لە قۆناغی داهاتوودا چاوەڕوانی بوونی ئەمریکاین لە ڕێگەی هاوبەشی ئابوری و وەبەرهێنان و گەشەپێدانەوە،. ئێمە دەمانەوێت لە هاوبەشیی سەربازییەوە بگوازینەوە بۆ هاوبەشییەکی ئابوری بەردەوام، دروستکردنی پردێکی ئابوری کاریگەر لە نێوان عێراق و ئەمەریکا کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەل بکات"، سەرۆک وەزیرانی عێراق وا دەڵێت.

لە بارەی چەکدانانی گروپە چەکدارەکانی عێراق عەلی زەیدی وتی "گفتوگۆی قووڵمان لەگەڵ گروپە چەکدارەکان ئەنجامدا و جەختمان لەوە کردەوە کە دەوڵەت چوارچێوەی کۆکەرەوەی هەمووانە، و بوونی چەک لە دەرەوەی دامەزراوەکانی قبوڵکراو نییە. ناکرێت نکۆڵی بکرێت لە ڕۆڵی گروپە چەکدارەکان لە روبەڕوبوونەوەی تیرۆر، بەڵام قۆناغی ئێستا وا دەخوازێت هەمووان لە ڕێگەی دەوڵەت و دامەزراوەکانییەوە کار بکەن"، هەروەها "مانگی ئەیلولی داهاتوو، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەرکی جەنگییان خۆیان دژی داعش کۆتایی پێدەهێنن و عێراق بەشێوەیەکی هەمیشەیی بەجێدەهێڵن".

سەبارەت بە کەمبوونەوەی داهاتی عێراق زەیدی ئاشکرایکرد "لەئەنجامی قەیرانە ناوچەییەکان، هەناردەکردنی نەوتی عێراق تا ئاستێک دابەزیوە و کاردەکەین بۆ گەڕاندنەوەی توانای تەواوی هەناردەکردن، هیوادارین لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوودا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق بۆ ٧ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز بکەینەوە، هەروەها کۆمپانیا ئەمریکییەکانمان لەو دیدگایە ئاگادار کردووەتەوە".

سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لەوەشکردوە کە "کاردەکەین بۆ دامەزراندنی سندوقێکی گەشەپێدان بە هاوبەشی لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق و سندوقە نیشتمانییەکان، لەگەڵ کردنەوەی دەرگای پشکی گشتی بۆ جەماوەر و هاوبەشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی،  پڕۆژەکانی سندوقی گەشەپێدان بەپێی پێویستی بازاڕ دارایی دەکرێن، بەشێوەیەک بەشدار بێت لە جووڵەی ئابوری و ڕەخساندنی هەلی کار".

یەکێک لەو کارانەی لە ئێستا کابینەکەی زەیدی پێوەی سەرقاڵن روبەرووبونەوەی گەندەڵیە سەرۆک وەزیران جەخت دەکاتەوە کە "لە ڕێگەی ڕێکاری یاساییەوە دەستمان کردووە بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، هەروەها بەشێکی بەرچاومان لە بەفیڕۆدان ڕاگرتووە و لە ڕێگەی چوارچێوە فەرمییەکانەوە پارەمان گەڕاندۆتەوە. گەندەڵی لە عێراق دیاردەیەکە لە ئاستە بچووکەکانەوە دەست پێدەکات و لە ڕێگەی سیستمی بەرتیلەوە درێژدەبێتەوە، چارەسەرکردنی پێویستی بە چاکسازیی گشتگیر و بەردەوام هەیە".

سەبارەت بە پەیوەندەییەکانیان لەگەڵ ئێران، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت "پەیوەندیمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر بنەمای دراوسێیەتی باش و ڕێزگرتن و بەرژەوەندی هاوبەش دامەزراوە، هەروەک چۆن پەیوەندیمان لەگەڵ هەموو وڵاتانی ناوچەکە هەیە،  عێراق دەستێوەردان لە هیچ لایەنێک قبوڵ ناکات و بڕیارەکانیش هەمیشە لە بەرژەوەندی گەلی عێراقدا دەبن".

لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا عەلی زەیدی رایگەیاندوە "لیژنەیەکی ناوەندیمان پێکهێناوە بۆ پێداچوونەوە بەو گرێبەستانەی کە بڕەکەی (٢٥) ملیار دیناری تێپەڕاندووە، بۆ وردبینیکردن و دڵنیابوون لە دروستی خەمڵاندنە داراییەکانیان، و ڕێگریکردن لە هەڵئاوسانی تێچووی خەمڵێنراو، ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ڕەوانەکردنی ڕەشنووسی یاسایەک بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی چاودێری وردبینی پێشوەختە لە هەموو وەزارەت و دامەزراوەکانی دەوڵەت، ئەمەش ڕێکارەکانی شەفافییەت و سیستەمی بەڕێوەبردن بەهێز دەکات و کارایی بەڕێوەبردنی دارایی گشتی بەرز دەکاتەوە".




PM:04:23:27/06/2026