ئاژانسی فەرمیی هەواڵی ئێران (ئیرنا) بڵاویکردەوە'' سبەی یەکشەممە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای دیپلۆماسی دەگاتە شاری بەغدای پایتەختی عێراق.''
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، زانیارییەکانی پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند'' عێراقچی لەم سەردانە فەرمییەیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق کۆدەبێتەوە.''
سەبارەت بە ئامانجی سەردانەکەش، وتەبێژەکە ڕوونی کردەوە کە تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان تاران و بەغدا، لەپاڵ ئاڵوگۆڕی بیروڕا و ڕاوێژکردن دەبێت لەسەر دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە و جیهان.
ئەم پێشهاتە و سەردانە دیپلۆماسییەی وەزیری دەرەوەی ئێران دوای ئەوە دێت، کە عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە لێدوانێکدا جەختی لە بوونی پەیوەندییەکی توندوتۆڵ لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و ئێراندا کردەوە لەسەر بنەمای هاوسێیەتیی باش.
هاوکات زەیدی ئامادەییی تەواوی بەغدای نیشان دا بۆ میوانداریکردنی هەر گفتوگۆیەک کە ئارامی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە بگەڕێنێتەوە، لە نێوانیشیاندا نێوەندگیری و میوانداریکردنی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران.