"دەستگیرکردنی تۆمەتباران هەموو وەزارەتەکان و هەر کەسایەتییەک دەگرێتەوە کە تۆمەتی گەندەڵی لەسەر بێت"

‌کۆبونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی

یەکێک لە سەرکردەکانی رەوتی نیشتمانیی حیکمە، سەباح ساڵحی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای دەکات کە لایەنە سیاسیەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی "پشتیوانی تەواوی عەلی زەیدی"ـن دژی گەندەڵی و دەستگیرکردنی گەندەڵکاران.

یەک شەممە، ٢٨ حوزەیران ٢٠٢٦، یەکێک لە سەرکردەکانی رەوتی نیشتمانیی حیکمە رایگەیاند "ڕاستە زۆرینەی ئەوانەی ئێستا دەستگیر کراون لە لایەنە سوننەکان و هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانن، بەڵام ئەمە لێدانێکی سیاسی یان هەوڵێک بۆ لەناوبردنی لایەنێکی دیاریکراو نییە، بەڵکو تەنیا بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییە".

"لە کۆبوونەوەی ئەم دواییەی چوارچێوەی هەماهەنگیدا، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەرکردەی لایەنە شیعەکانی لە بڕیاری دەستپێکردنی هەڵمەتێکی گشتگیر بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی ئاگادار کردووەتەوە، زۆرینەی لایەنەکان گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵکردووە تاوەکو بە رێگاچارەی یاسایی و دەستووری رووبەڕووی گەندەڵکاران ببێتەوە"، سەباح ساڵحی وا دەڵێت.

ئەو سەرکردەیە لە رەوتی حیکمە باسی لەوەشكرد کە "ئەم هەڵمەتە جۆرێک لە گرژی و ناکۆکی لەنێوان محەمەد حەلبووسی و هەیبەت حەلبووسی دروست کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا دڵنیایی دا کە هەر کەسێک بێبەریبوونی لە تۆمەتەکان بۆ دادگا بسەلمێت، وەک پێشتر و بە رێزەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، هەر کەسێک بێبەریبوونی لە تۆمەتەکان بۆ دادگا بسەلمێت، وەک پێشتر و بە رێزەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت".

سەباح ساڵحی  "رەتیکردەوە ئەم هەڵمەتە پەیوەندیی بە سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ واشنتنەوە هەبێت، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتیوانی لەم پرۆسەیە دەکات، هەڵمەتەکە هەموو وەزارەتەکان و هەر کەسایەتییەک دەگرێتەوە کە تۆمەتی گەندەڵی لەسەر بێت، چونکە ئێستا کاتی ئەوەیە هەموو ئەو لایەنانەی پێشتر داوای چاکسازییان دەکرد، لەسەر ئەرزی واقیع پشتیوانیی حکوومەت بکەن".

بەیانی ئەمڕۆ یەک شەممە ٢٨ی حوزەیران، هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە پارێزگاکانی بەغدا، سەڵاحەدین، ئەنبار، نەینەوا و چەند ناوچەیەکی دیکە، کۆمەڵێک ئۆپەراسیۆنی ئەمنییان بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک پەرلەمانتار و بەرپرسی باڵا بە تۆمەتی گەندەڵی ئەنجام دا. 





PM:05:06:28/06/2026