بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی گێڕانەوە لە دەستەی دەستپاکی و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕی سندوقی گێڕانەوەی دارایی عێراق، عەباس موتعیب لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی هەواڵی عێراق ئاشکرایکرد کە توانیویانە بڕێکی زۆر لە پارەکان لە دەرەوەی وڵات بلۆک بکەن.
دوو شەممە، ٢٩ حوزەیران ٢٠٢٦، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی گێڕانەوە لە دەستەی دەستپاکی رایگەیاند "دەستەکە توانیویەتی دەست بەسەر بڕێکی زۆر پارە لە دەرەوەی وڵات بگرێت و بلۆکیان بکات، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی رێگریی لە گەندەڵکاران بکات کە ئەو پارانە بەکاربهێنن یان دەستکاری بکەن".
" دەستەی دەستپاکی، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی داد، کار دەکات بۆ تۆمارکردنی داوای یاسایی مەدەنی بەمەبەستی گێڕانەوەی ئەو پارە بلۆککراوانە کە بە بڕێکی زۆر دەخەمڵێندرێن"، عەباس موتعیب وا دەڵێت.
ئەو بەرپرسەی دەستەی دەستپاکی وتیشی "رەشنووسی یاسایەکی تایبەت بە گێڕانەوەی دارایی هەیە کە بەم زووانە دەخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی نوێنەران".
یەک شەممە، ٢٨ حوزەیران ٢٠٢٦، هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە پارێزگاکانی بەغدا، سەڵاحەدین، ئەنبار، نەینەوا و چەند ناوچەیەکی دیکە، کۆمەڵێک ئۆپەراسیۆنی ئەمنییان بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک پەرلەمانتار و بەرپرسی باڵا بە تۆمەتی گەندەڵی ئەنجام دا.