ئەنجومەنی سیاسی سوننەکان پاڵپشتیی خۆی بۆ ڕێوشوێنەکانی زەیدی دژی گەندەڵکاران ڕادەگەیەنێت

ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانیی سوننەکان، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ستایشی ئەو ڕێوشوێنە حکومی و دادوەرییانەی کرد کە بۆ دادگاییکردنی کەسانی تێوەگلاو لە دۆسیەکانی گەندەڵیدا گیراونەتەبەر، و جەختی کردەوە کە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئەولەویەتێکی نیشتمانییە و نابێت بە سیاسی بکرێت.

ئەنجومەنەکە ئاماژەی بەوە کردووە، لە میانی کۆبوونەوەیەکدا کە لە بارەگای خەمیس خەنجەر لە بەغدا بە ئامادەبوونی سەرۆکی پەرلەمان و سەرکردەکانی ئەنجومەنەکە بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکان کراوە.

لەوێدا ستایشی ئەو هەنگاوانە کراوە کە لە لایەن عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە بە هاوکاری دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەری بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی گەندەڵکاران و وەرگرتنەوەی سامانی گشتی نراون.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، ئەنجومەنی سیاسی سوننەکان جەختی لەوە کردووەتەوە کە سەرکەوتنی پرۆسەی دژە گەندەڵی بەستراوەتەوە بە جێبەجێکردنی دادپەروەرانە و بێلایەنانەی یاسا بەسەر هەموواندا بەبێ جیاوازی و جیاکاری، بە جۆرێک کە پرەنسیپی یەکسانی لەبەردەم یاسادا بچەسپێت و مافەکانی دەوڵەت و هاووڵاتیان پارێزراو بن.



PM:10:10:29/06/2026