دادگای کەرخ سزایەکی بەسەر عالیە نوسەیفدا سەپاند

دادگای کەرخ، حوکمێکی مەدەنی بەسەر عالیە نوسەیف، پەرلەمانتاری عێراقدا سەپاند و پابەندی کرد بە پێدانی قەرەبووی دارایی بە ڕاوێژکارێکی یاسایی لە وەزارەتی ناوخۆ.

ئەمڕۆ سێشەممە، ٣٠ی حوزەیران، لە ڕاگەیەندراوێکی دادگاکەدا هاتووە، بڕیارەکە بە پابەندکردنی ئەو پەرلەمانتارە دەرچووە بۆ قەرەبووکردنەوەی دارایی (حسێن یوسف تەمیمی)، ڕاوێژکاری یاسایی لە وەزارەتی ناوخۆ. هۆکاری بڕیارەکەش بۆ سەلماندنی ئەو زیانانە دەگەڕێتەوە کە قسەکانی ئەو پەرلەمانتارە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە بە ناوبانگ و پێگەی پیشەیی و کۆمەڵایەتی ڕاوێژکارەکەی گەیاندووە، دوای ئەوەی ناوبراو بەپێی بڕیارێکی دادگا و لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکی فەرمیدا، برازایەکی عالیە نوسەیفی لە کاتی ئەنجامدانی تاواندا دەستگیرکردووە.

دادگاکە ڕوونیشیکردووەتەوە، ئەم حوکمە مەدەنییە دوای دەرچوونی حوکمێکی سزایی دێت لەسەر هەمان ڕووداو، کە مافی داوە بە داواکار داوای قەرەبووی دارایی و مەعنەوی بکات بەرامبەر ئەو زیانانەی پێی گەیشتووە. هاوکات جەختی لەوەش کردووەتەوە کە دادگای عێراقی زامنی دەستوورییە بۆ پاراستنی یاسایی فەرمانبەرانی گشتی لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا، هەروەها چەسپاندنی بنەمای دەربازنەبوونە لە سزادان بەرامبەر هەر پێشێلکاری و سووکایەتییەک کە بەهۆی جێبەجێکردنی یاسا و بڕیارەکانی دادگاوە ڕوودەدات.




PM:03:59:30/06/2026