فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق راگەیاندراوێکی سەبارەت بە لێکۆڵینەوەی یەکلاکردنەوەی حەوت دۆسیەی گەندەڵی بڵاوکردەوە.
پێنج شەممە، ٢ تەمووز ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەی فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراقدا هاتووە "بۆ چەندین ساڵە پەتای گەندەڵی پێکهاتەی دەوڵەتی عێراقی لاواز کردووە، تا ئەو رادەیەی بووەتە گەورەترین ئاڵنگاری لەبەردەم سیستمی سیاسیی وڵاتدا، لەگەڵ دەستبەکاربوونی هەر حکومەت و خولێکی نوێی پەرلەماندا، دروشم و پلانەکانی دژایەتیکردنی گەندەڵی دەوترانەوە، بەبێ ئەوەی هیچ ئەنجامێکی راستەقینە لەسەر ئەرزی واقعدا بە دی بێت، بەڵکوو تەنانەت هەندێک لەو دروشمانە وەک پەردەیەک بۆ بەهەدەردانی سامانی گشتی بەکار دەهێنران".
بۆ پاراستنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و ڕێگریکردن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی، پەرلەمانی عێراق حکومەت پابەند دەکات بە پێشڕەویکردن لەم پڕۆسەیەدا و پێویستیی لێکۆڵینەوە لە حەوت دۆسیەی سەرەکی و مەترسیداری گەندەڵی لە چوارچێوەی کاتێکی دیاریکراودا، کە بریتین لە:
یەکەم/ دۆسیەی گەندەڵیی باجەکان: لە نێویاندا دۆسیەی دزینی سپاردە داراییەکانی باج کە بە "دزیی سەدە" ناسراوە و وەک گەورەترین دۆسیەی گەندەڵی و دزین لە مێژووی عێراقدا سەیردەکرێت.
دووەم/ دۆسیەی گەندەڵیی کەرتی وزە: خەرجکردنی بودجەی زەبەلاح بۆ گرێبەستە تریلیۆنییەکانی کارەبا و گەندەڵیی ئاشکرا لە پێدانی وێستگە حکومییەکان بە شێوازی وەبەرهێنانی نادادپەروەرانە کە مافی دەوڵەت پێشێل دەکات، سەرەڕای بەردەوامیی شکستهێنان لە کەرتەکانی بەرهەمهێنان، دابەشکردن و چاککردنەوەدا.
سێیەم/ کەرتی وەبەرهێنان : لە نێویاندا گەندەڵی و پشێوی لە بەخشینی مۆڵەتەکانی وەبەرهێنانی نیشتەجێبوون، پیشەسازی، بازرگانی و پەروەردەیی، کە بوونەتە هۆی بەهەدەردانی بڕە پارەیەکی زۆر لە سامانی گشتی.
چوارەم/ دۆسیەی نیشتەجێکردن و ئاوەدانکردنەوە: گەندەڵی لە گرێبەستی پڕۆژەکان و بەرزبوونەوەی بێشوماری تێچووی ئەو گرێبەستانە لەخۆدەگرێت.
پێنجەم/ کەرتی تەندروستی: دۆسیەکانی گەندەڵی لە نەخۆشخانە حکوومی، تایبەتەکان و، دۆسیەی هاوردەکردنی دەرمان لەخۆدەگرێت.
شەشەم/ کەرتی گواستنەوە: دۆسیەکانی گەندەڵی لە گرێبەستەکانی بەندەرەکان و بەڕێوەبردنیان، لەگەڵ دۆسیەی گەندەڵیی ئەمدواییانەی هێڵی ئاسن.
حەوتەم/ دۆسیەی گرێبەستە وەهمییەکانی پڕچەککردن: کڕینی ئامێرە بێسوودەکان، کەرەستە و ئامێری ناکارامە لە هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆدا.
لەگەڵ خستنەرووی ئەم حەوت خاڵە پەرلەمان عێراق وتوشیەتی کە لە رێگای لیژنە تایبەتەکانییەوە، سەرجەم زانیارییەکانی لەسەر ئەم دۆسیانە پێشکەشی لایەنە پەیوەندیدارەکانی دژە گەندەڵی دەکات.
پەرلەمانی عێراق جەخت دەکاتەوە کە لە رێگای پێکهێنانی لیژنەیەکی پەرلەمانیی تایبەتەوە چاودێری و بەدواداچوونی ورد بۆ رێکارەکان دەکات، بە مەبەستی بەدیهێنانی "دادپەروەری، پاراستنی سامانی گشتی و گێڕانەوەی پارە دزراوەکان بۆ خەزێنەی دەوڵەت، بە پێی دەستوور و یاسا بەرکارەکان، بۆ ئەوەی رێگری لە گەندەڵی بکرێت لە ئێستا و داهاتوودا".