''قەرزی گشتیی عێراق لە سنووری مەترسیدا نییە و داهاتی نانەوتی بەرز دەکەینەوە''

مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند'' کۆی قەرزی گشتیی عێراق هێشتا نەچووەتە ناو سنووری مەترسیی ئابوورییەوە، چونکە کۆی قەرزە ناوخۆیی و دەرەکییەکان تەنها ٣٦٪ی بەرهەمی ناوخۆیی گشتی پێکدەهێنن، کە ئەمەش بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان لە ژێر هێڵی سووردایە.''

 ئاماژەی بەوە کرد کە قەرزی ناوخۆیی گەورەترین بەشی قەرزەکان پێکدەهێنێت و گەیشتووەتە زیاتر لە ١٠٠ تریلیۆن دینار، لە کاتێکدا قەرزی دەرەکی پاشەکشەی کردووە و ئەو بڕەی کە پێویستە تا ساڵی ٢٠٢٨ بدرێتەوە لە ٩ ملیار دۆلار تێپەڕ ناکات، کە ئەگەری سڕینەوەی بەشێکی زۆریشی هەیە لە ئەگەری یەکلاکردنەوەی ڕێککەوتنی یانەی پاریس لەگەڵ وڵاتانی کەنداو.

ڕاوێژکارەکەی سەرۆک وەزیران جەختی لەوەش کردەوە کە ئالێنگاریی ڕاستەقینەی بەردەم ئابووریی عێراق قەبارەی قەرزەکە نییە، بەڵکو پشتبەستنی تەواوە بە داهاتی نەوت کە وڵاتەکە دەخاتە ژێر کاریگەریی شۆکی دابەزینی نرخ لە بازاڕە جیهانییەکاندا.

بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەش، حکومەت پلانێکی ستراتیژیی ١٠ ساڵەی داناوە بۆ بەرزکردنەوەی بەشداریی داهاتە نانەوتییەکان لە ١٠٪ـەوە بۆ ٤٥٪، ئەمەش لە ڕێگەی چاکسازی لە سیستمی باج و گومرگ، بەئەلەکترۆنیکردنی دامەزراوە داراییەکان، چالاککردنی کەرتی تایبەت و چاکسازیی ڕیشەیی لە کەرتی بانکیدا بەدی دێت تا سەقامگیریی دارایی درێژخایەن بۆ وڵات دابین بکرێت.




PM:04:33:03/07/2026