دوای ئەو مشتومڕە زۆرەی لەسەر کەیسی ژنێک لە یەمەن بە ناوی "میرا" دروستبوو، کە بانگەشەی ئەوە دەکات کچی سەددام حسێن، سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق بێت، ڕەغەد سەددام حسێن هاتە دەنگ و هەموو ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە.
ڕەغەد لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئێوارەی پێنجشەممە لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی (X) بڵاویکردەوە، جەختی کردەوە کە "ئەو چیرۆکانەی لەم دواییانەدا لەسەر زاری ژنێک بڵاوکراونەتەوە کە بە درۆ بانگەشەی ئەوە دەکات کچی نهێنی سەددام حسێن بێت، سەرلەبەریان درۆن و ناڕاستن."
هەروەها ڕوونی کردەوە کە خێزانەکەیان چەندین جار پێشتر ڕەتیان کردووەتەوە کە باوکی هیچ کوڕ یان کچێکی نهێنی هەبێت، داواشی لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد وردبن لە گواستنەوەی هەواڵەکان و جەختی کردەوە کە خێزانی سەدام حسێن هەرگیز لە هیچ کچ و کوڕێکی خۆیان حاشایان نەکردووە و نایکەن.
چیرۆکی میرا چییە و بۆچی بووەتە جێی باس؟
ئەم بابەتە دوای ئەوە هات کە ژنێکی تەمەن ٣٤ ساڵ کە بانگەشەی ئەوە دەکات ناوی "میرا سەددام حسێن"ە، لە یەمەن بووە جێی سەرنجی میدیاکان، ئەمەش دوای ئەوەی داوای هاوکاری لە سەرۆک هۆزەکان کرد بەهۆی ئەوەی لەلایەن چەکدارانی حوسییەوە لە ماڵەکەی لە سەنعا دەرکرابوو.
لە مانگی ئایاری ڕابردوودا، میرا لە ڤیدیۆیەکدا دەرکەوت کە پرچی خۆی دەبڕێت (وەک نەریتێکی عەشایەری بۆ داوای پەناگرتن و پاراستن) و دەیداتە دەست شێخێکی دیاری ناوچەکە بە ناوی "حەمەد بن ڕاشد فەدغەم ئەلحەزمی" و داوای لێ دەکات بیپارێزن و مافەکەی بۆ بگەڕێننەوە. ئەو ژنە بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە چەکدارەکان لە ڤێلاکەی لە گەڕەکی "حەددە"ی سەنعا دەریانکردووە و دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێل، زێڕ و بەڵگەنامە عێراقییەکانیدا گرتووە.
ئەم ڕووداوە بووە هۆی گرژیی ئەمنی، بەتایبەت دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی حوسی شێخ ئەلحەزمی و "میرا"یان بۆ ماوەی ٥٠ ڕۆژ دەستگیرکرد، دواتر لەژێر فشاری عەشایەریدا شێخەکەیان ئازاد کرد.
بانگەشەی میرا و وەڵامی فەرمی دەسەڵاتداران
میرا دەڵێت لە ساڵی ٢٠٠٣ و دوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق، بە هەماهەنگی لەگەڵ عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، سەرۆکی پێشووی یەمەن، هەڵاتووە بۆ ئەو وڵاتە و لەوێ زەوی و خانوو و پارە و پارێزگاریی پێدراوە.
بەڵام دەسەڵاتدارانی حوسی لە سەنعا ڕایانگەیاند کە ناوی ڕاستەقینەی ئەم ژنە "سومیە ئەحمەد محەمەد عیسا ئەلزوبەیری"یە و هاوڵاتییەکی یەمەنییە و لە گەڕەکی (هەبرە) لە سەنعا لەدایکبووە. هەروەها ئاماژەیان بەوە کردووە کە پشکنینی DNA بۆ ئەو و باوک و دایکە یەمەنییەکەی کراوە و ئەنجامەکان یەکتریان گرتووەتەوە و سەلمێنراوە کچی ئەوانە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە ساڵی ٢٠٢٣ دادگایەک لە سەنعا ئەو ژنەی بە تۆمەتی ساختەکاری و بەکارهێنانی ناوی کەسایەتییەک مەحکوم کردووە و سزای زیندانی بەسەردا سەپاندووە. لە نیسانی ٢٠٢٥یشدا، دادگای پێداچوونەوە بڕیارەکەی پەسەند کردووە و بەو پێیەش هەموو ئەو موڵک و ماڵانەی لێ سەندراوەتەوە کە بەهۆی بەڵگەنامە ساختەکانەوە بەدەستی هێنابوو.