عەلی زەیدی: هیچ سازش و چاوپۆشییەک لە هیچ گەندەڵکارێک ناکرێ

‌وێنەیەک لە کۆبوونەوەکە

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، عەلی فالح زەیدی راگەیاندراوێکی لە بارەی سەردانەکەی سەرۆک وەزیران بۆ وەزارەتی ناوخۆ و کۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی ئەو وەزارەتە بڵاوکردوەتەوە.

شەممە، ٤ تەمووز ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "وەزارەتی ناوخۆ ئامراز و دەستی حکومەتە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا و هیچ سازش و چاوپۆشییەک لە هیچ گەندەڵکارێک ناکرێ، هەر لایەنگرییەکی هەبێت".

"هەڵمەتی پاککردنەوەی دامەزراوەکان لە گەندەڵی تەنیا بڕیارێکی کارگێڕی نییە، بەڵکو"دۆسیەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، ئەمڕۆ بووەتە داواکارییەکی جەماوەری، هەربۆیە داوا لە دەستەی دەستپاکی، دیوانی چاودێریی دارایی و هێزە ئەمنییەکان دەکەم بە وردی و بێ جیاوازی بەدواداچوون بۆ دۆسیەکانی گەندەڵی بکەن"، سەرۆک وەزیرانی عیراق وا دەڵێت.

عەلی  زەیدی سوپاسی ئەو پشتیوانییە سیاسی و جەماوەرییەی کرد کە بۆ هەڵمەتەکەی حکومەت هەیە  و وتویەتی "سوپاسی هەڵوێستی گەورەی بەڕێز موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، پەرلەمان، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، هێزە سیاسییەکان و سەرۆک هۆزەکان دەکەین کە پاڵپشت و پشتیوانی حکومەتن لە هەڵمەتی دژی گەندەڵیدا".

لە راگەیاندراوەکەدا باس لەوەشکراوە کە سەرۆک وەزیرانی عێراق  "ئاماژەی بە رۆڵی وەزارەتی ناوخۆ کردوە و دەڵێت "پێویستە مامەڵەی ئەفسەر و کارمەندان لەگەڵ هاوڵاتییان لەسەر بنەمای رێزگرتن و دوور لە هەر جۆرە هەژموونێکی حیزبی بێت".




PM:04:04:04/07/2026