دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق ئاماری کار و چالاکییەکانی مانگی حوزەیران بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد کە تا ئێستا ٥٩ کەسیان بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکردوە.
یەک شەممە، ٥ تەمووز ٢٠٢٦، دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق رایگەیاند "لە ماوەی مانگی حوزەیراندا، فەرمانگە و نووسینگەکانی لێکۆڵینەوە لە پارێزگاکان ١٥٧ پرۆسەیان جێبەجێ کردووە، لەو چوارچێوەیەدا لە ٢٩ پرۆسەدا ٥٩ تۆمەتبار دەستگیرکراون و ١٢٨ پرۆسەی دیکەش تایبەت بوون بە دەستبەسەرداگرتنی دۆسیە و بەڵگەنامەکان".
بەپێی راپۆرتەکەی دەستەی دەستپاکی پارێزگای سەلاحەدین بە ٢٠ پرۆسە لە پلەی یەکەمی پارێزگاکاندایە، دوای ئەویش پارێزگای قادسیە بە ١٨ پرۆسە و هەریەک لە نەجەف و بەسرە بە ١٦ پرۆسە دێن.
وە کەمترین چالاکییەکانی دەستەی دەسپاکی لە هەریەک لە پارێزگاکانی موسەننا و بابل تۆمارکراون، کە لە هەر یەکێکیان تەنیا یەک پرۆسەی دەستبەسەرداگرتنی بەڵگەنامەی تێدا کراوە و هیچ تۆمەتبارێک دەستگیر نەکراوە.
لە پارێزگای کەرکوک، لە ماوەی مانگی رابردوودا ١٣ پرۆسەی جۆراوجۆر کراون، کە ٣ـیان پرۆسەی دەستگیرکردن بوون و لە ئەنجامدا ٩ تۆمەتبار دەستگیرکراون، هەروەها لە ١٠ پرۆسەی دیکەدا دەست بەسەر دۆسیە و بەڵگەنامەکاندا گیراوە.
ئاماری پارێزگاکانی دیکە بەم شێوەیە بووە:
- دیالە: ١٥پرۆسە و ١٤ تۆمەتبار دەستگیرکراون.
- کەربەلا:١٢ پرۆسە و ٦ تۆمەتبار دەستگیرکراون.
- بەغدا:٥ پرۆسە ئەنجامدراون و ٦ تۆمەتبار دەستگیرکراون.
- ئەنبار: ٩ پرۆسە و ٧ تۆمەتبار دەستگیرکراون.
- نەینەوا: ٧ پرۆسە و ٢ تۆمەتبار دەستگیرکراون.
بەرەبەیانی رۆژی یەک شەممە، ٢٨ حوزەیران ٢٠٢٦، هێزێکی هەماهەنگی دژە تیرۆر، سوپا و دەستەی دەستپاکیی عێراق ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان لە بەغدا و چەند پارێزگایەکی دیکە بە ناوی هەڵمەتی بەرەبەیان کرد و چەند بەرپرسێک دەستگیرکران.