رێکخراوی چاودێری ژینگەیی (عێراقی سەوز)، قەبارەی ئەو زیانە
داراییانەی ئاشکرا کرد کە بەهۆی شەپۆلەکانی گەرمای توندەوە بەر عێراق دەکەون و ڕایگەیاند،
لە هەر ڕۆژێکدا کە پلەکانی گەرما لە ٥٠ پلەی سیلیزی تێپەڕێنێت، وڵاتەکە نزیکەی ١٥٠
ملیۆن دۆلار زیانی پێدەگات. هاوکات هۆشداری توندی دا لە تێکدانی باخ و ڕووبەرە سەوزاییەکان
و کاریگەرییە خراپەکانی گازە دەردراوەکانی مۆلیدە ئەهلییەکان.
رێکخراوەکە لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە عێراق ڕووبەڕووی
کاریگەرییەکی نیگەرانکەری گۆڕانی خێرای کەشوهەوا بووەتەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، پێش
ساڵی ٢٠١٠ تەنها ٣ بۆ ٥ ڕۆژ لە ساڵێکدا پلەکانی گەرما دەگەیشتنە سەرووی ٥٠ پلە، بەڵام
لە ئێستادا بەغدادی پایتەخت و پارێزگاکانی بەسرە و میسان ساڵانە لەنێوان ٢٥ بۆ ٤٠ ڕۆژ
ئەو گەرمایە تۆمار دەکەن، ئەمەش بازدانێکی پێوانەیی و زیادبوونی بە ڕێژەی ٨٠٠٪ لە
ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا نیشان دەدات.
ڕاپۆرتەکە هۆکاری ئەم زیانە داراییە ڕۆژانەیەی (کە ١٥٠ ملیۆن
دۆلارە) بۆ چەند خاڵێک دەگەڕێنێتەوە، لەوانە:
- پچڕانی بەردەوامی تەزووی کارەبا و وەستانی بەشێک لە کارگەکان.
- زیادبوونی بەکاربردنی سووتەمەنی بۆ وزە.
- دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنان لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەتدا.
تەنانەت ئاشکرای کردووە کە کۆی گشتی زیانەکانی وەرزی هاوینی
ڕابردووی ساڵی ٢٠٢٥، لە ٩ ملیار دۆلار تێپەڕیبوو.
لەسەر ئاستی تەندروستی و ژینگەیی، ڕاپۆرتەکە چەند ئامارێکی
مەترسیداری خستووەتەڕوو:
لە مانگی تەممووزی ساڵی ڕابردوودا، نەخۆشخانەکانی عێراق نزیکەی
٣,٢٠٠ حاڵەتی تووشبوون بە گەرمابردوویی و شەکەتی بەهۆی گەرماوە تۆمارکردووە.
لەناوچوونی ٦٠٪ـی درەختەکانی سەر شەقامەکان
زیادبوونی ڕێژەی گەردەلوولە خۆڵاوییەکان بە ڕێژەی ٧٠٪.
رێکخراوی "عێراقی سەوز" هۆکاری ئەم بەرزبوونەوە
توندەی پلەکانی گەرما بۆ تێکدانی زەوییە کشتوکاڵییەکان دەگەڕێنێتەوە؛ بە جۆرێک تەنها
بەغدا ٨٥٪ـی باخەکانی لەدەستداوە و گۆڕاوە بۆ شارێکی کۆنکرێتی کە بە ڕۆژ گەرما گلدەداتەوە
و بە شەودا بڵاویدەکاتەوە.