بەغدا رێگری لە کۆبوونەوەی نهێنی قائانی و بەرپرسانی شیعەی عێراق دەکات

ڕاپۆرتێکی میدیایی فەرەنسی باس لە ڕێوشوێنی نوێی عێراق دەکات سەبارەت بە ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکانی عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

ماڵپەڕی ڕادیۆی مۆنتی کارلۆ لە ڕاپۆرتێکدا کە (المدى) بەدواداچوونی بۆ کردووە، لە زاری سەرچاوەیەکی سیاسییەوە بڵاویکردەوە، دەسەڵاتدارانی عێراق بە فەرمی ئێرانیان ئاگادارکردووەتەوە کە ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس، لەسەر خاکی عێراق وەک "کەسێکی نەخوازراو" سەیر دەکرێت و پێیانوتون چیتر نابێت بە نهێنی دیداری لەگەڵ بەرپرسانی شیعەی عێراقدا هەبێت.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، بڕیارەکەی حکومەتی عێراق چەند خاڵێکی دیکەش لەخۆدەگرێت:

قەدەغەکردنی ئەنجامدانی کۆبوونەوە لە نێوان بەرپرسانی ئێرانی و سەرکردەکانی حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکانی عێراق.

قەدەغەکردنی سەردانی بەرپرسان و سەرکردەکانی گرووپە شیعەکانی عێراق بۆ ئێران، بەبێ ئاگاداری و ڕەزامەندی پێشوەختەی حکومەتی عێراق.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، دوا سەردانی قائانی بۆ بەغداد لە مانگی ئایاری ڕابردوودا بووە، واتە پێش پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.

ئەم ڕێوشوێنانە پێش سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ واشنتۆن دێن، کە پێشبینی دەکرێت تێیدا تاوتوێی هاوکارییە ئەمنی، سەربازی و ئابوورییەکانی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بکرێت.

لە هەمان چوارچێوەدا، ڕاپۆرتەکە ئاشکرای کردووە کە حکومەتی عێراق گۆڕانکاری کارگێڕی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی نەجەفدا ئەنجامداوە؛ ئەم هەنگاوەش وەک بەشێک لەو ڕێوشوێنانە ناوزەد کراوە کە ئامانج لێی بەهێزکردنی کۆنترۆڵی دەوڵەتە بەسەر فڕۆکەخانەکەدا، کە پێشتر ئەمریکا چەند تێبینییەکی لەسەری هەبووە.




PM:01:14:06/07/2026