دەستەی دەستپاکی عێراق: فەرمانبەرێک زیاتر لە یەک ملیار دیناری دزیوە


دەستەی دەستپاکیی عێراق راگەیاندراوێکی سەبارەت بە سزادانی فەرمانبەرێێک بڵاوکردوەتەوە کە "زیاتر لە یەک ملیار دیناری لە سامانی گشتیی دزیوە".

سێ شەممە، ٧ تەمووز ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "دادگای تاوانەکانی نەینەوا بڕیاریداوە بە سزادانی فەرمانبەرێک بۆماوەی ١٠ ساڵ، بە تاوانی دزینی یەک ملیار و ١٧٤ ملیۆن و ٢٨٧ هەزار دینار لە ماڵی گشتی، ئەم بڕە پارەیەشی لەکاتی فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان لە مانگەکانی ئاب و ئەیلولی ساڵی ٢٠٢٥ دزیوە".

"پاش خستنەڕووی سەرجەم بەڵگەکان، تاوانبارەکە بەگوێرەی ماددەی ٣١٥ ـی یاسای سزادانی عێراق سزادراوە" دەستەی دەست پاکی وا دەڵێت.

بەرەبەیانی رۆژی یەک شەممە، ٢٨ حوزەیران ٢٠٢٦، هێزێکی هەماهەنگی دژە تیرۆر، سوپا و دەستەی دەستپاکیی عێراق ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان لە بەغدا و چەند پارێزگایەکی دیکە بە ناوی هەڵمەتی بەرەبەیان کرد و چەند بەرپرسێک دەستگیرکران.







PM:07:52:07/07/2026