ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری له‌باره‌ی دۆسیەی نور زوهێر و عەدنان جومەیلی ڕێکارەکانی خۆی روندەکاتەوە

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ئەمڕۆ هەینی ١٠ی تەممووزی ٢٠٢٦، لە ڕوونکردنەوەیەکی فەرمیدا وردەکاریی نوێی لەسەر دۆسیەی گەورە گەندەڵی ناسراو بە "دزینی سەدە" و تۆمەتباری سەرەکی "نور زوهێر" بڵاوکردەوە.

دادوەریی عێراق ڕایگەیاند'' پێشتر لە نێوان سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری و سەرۆک وەزیرانی پێشوودا ڕێککەوتن کرا بۆ ئازادکردنی نور زوهێر بە کەفالەت، بە مەبەستی گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان بە شێوەی قیست لە بەرامبەر سووکردنی سزاکەی.''

لەو چوارچێوەیەدا ٣٦٥ ملیار دینار لە کۆی ترلیۆنێک و ٦١٨ ملیار دیناری سەر هەردوو کۆمپانیاکەی (القانت و المبدعون) گەڕێنرایەوە، بەڵام بەهۆی ڕاکردنی بۆ دەرەوەی وڵات پڕۆسەکە وەستا؛ بۆیە دادگای تاوانەکانی گەندەڵی بە غیابی سزای ١٠ ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپاند و مەلەفی ڕادەستکردنەوەی لە ڕێگەی ئینتەرپۆلەوە بۆ ڕێکخست.

ئەنجومەنی باڵای دادوەری ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا پارێزەری تۆمەتبارەکە داوای کردووە یاسای هەموارکراوی لێبوردنی گشتی بیگرێتەوە لە بەرامبەر گەڕاندنەوەی پاشماوەی پارەکان، بەڵام بابەتەکە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە و چاوەڕێی ڕای وەزارەتی دارایی دەکەن.

هاوکت دادگا ڕوونیکردەوە کە حوکمی ئامادەیی زیندانیکردن بەسەر ١٢ فەرمانبەری دەستەی باجەکاندا سەپێنراوە و حوکمی غیابیش بۆ بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی پێشوو و چەند ڕاوێژکارێک دەرچووە کە تێوەگلابوون لە ئاسانکاریی کێشانەوەی نایاسایی سێ ترلیۆن و ٨٣١ ملیار دینار لە بانکی ڕافیدەین.



PM:02:47:10/07/2026