عێراق دوا وادەی داخستنی کەمپی جەدعەی تایبەت بە کەسوکاری داعشی دیاریکرد

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند'' پلانێکی تۆکمەیان هەیە بۆ ئەوەی تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ کەمپی "جەدعە" لە پارێزگای نەینەوا بە یەکجاری دابخەن، کە ئێستا کەسوکاری چەکدارانی داعشی تێدا نیشتەجێیە.''

عەلی جەهانگیر، وتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، لە لێدوانێکدا ئاشکرای کرد، کە ڕۆژی ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٦ وەک دوا مۆڵەت بۆ داخستنی کەمپەکە دیاریکراوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ئێستادا نزیکەی ٣٥٠٠ کەس لەو کەمپەدا ماونەتەوە کە زۆرینەیان ژن و منداڵن.

 وتەبێژی وەزارەت ڕوونیکردەوە کە هۆکاری دواکەوتنی گەڕانەوەی ئەوانەی لە کەمپەکەدا ماونەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، پەیوەندی بە ڕێکارە یاساییەکانی دەرکردنی بەڵگەنامەی فەرمی، ناسنامەی نیشتمانی و وردبینیی ئەمنیی ناوەکانیانەوە هەیە.

ئەم کەمپە لە ساڵی ٢٠٢١ـەوە بۆ پێشوازیی لە کەسوکاری چەکدارانی داعش کراوەتەوە و لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ٢١ هەزار و ٥٠٠ کەس بە ٣٣ کاروان لە سووریاوە بۆی گواستراونەتەوە، کە لەو ڕێژەیەش زیاتر لە ١٨ هەزار کەسیان دوای تەواوکردنی پڕۆسەی شیاندنەوە و تێکەڵکردنەوەیان لەگەڵ کۆمەڵگە، گەڕێندراونەتەوە بۆ زێدی خۆیان.



PM:04:02:10/07/2026