وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق راگەیاندراوێکی بڵاوکردوەتەوە سەبارەی بە میکانیزمی گەراندنەوەی ئەو پارانەی کە لە ئەستۆی "گەندەڵکارانن" و سزا دراون تا پارەکە بگەڕێتەوە بۆ حکومەت.
شەممە، ١١ تەمووز ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی داراییدا هاتووە "ئاماژە بەو بەیاننامەیەی دوێنێ هەینی لە ئەنجومەنی باڵای دادوەرییەوە دەرچوو، دووپاتی دەکەینەوە کە ڕۆڵی وەزارەت لەو کەیسانەی پەیوەندییان بە گێڕانەوەی پارە بەدەستهاتووەکان لە دۆسیەکانی گەندەڵیدا هەیە، تەنها لە لایەنی دارایی و گێڕانەوەی مافی خەزێنەی دەوڵەتدا چڕ دەبێتەوە".
"هەر میکانیزمێک بۆ دانەوەی ئەو پارانەی لە ئەستۆی سزادراواندایە، دەبێت دڵنیایی بدات لە وەرگرتنەوەی تەواوی مافەکانی خەزێنەی گشتی، هەروەها دەبێت پابەندکەر و جێبەجێکراو بێت، بە جۆرێک پارێزگاری لە سامانی گشتی و مافەکانی دەوڵەت بکات"، وەزارەتی دارایی عێراق وا دەڵێت.
سەبارەت بە ڕێکارە دادوەرییەکان یان داواکارییەکانی لێبوردن کە پێشکەش بە دادگاکان دەکرێن، وەزارەتی دارایی رایگەیاند کە "ئەو بابەتە تایبەتمەندی ڕەهای دەسەڵاتی دادوەرییە، کە دەسەڵاتەکانی خۆی بەپێی چوارچێوە یاساییە پەسەندکراوەکان بەکاردەهێنێت".
بەرەبەیانی رۆژی یەک شەممە، ٢٨ حوزەیران ٢٠٢٦، هێزێکی هەماهەنگی دژە تیرۆر، سوپا و دەستەی دەستپاکیی عێراق ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان لە بەغدا و چەند پارێزگایەکی دیکە بە ناوی هەڵمەتی بەرەبەیان کرد و چەند بەرپرسێک دەستگیرکران.