بەرپرسێکی دیکەی عێراق لە کارەکەی دووردەخرێتەوە و دەستگیر دەکرێت


بەپێی نووسراوێکی فەرمی کە واژۆی وەهب سەلمان محەممەد حەسەنی، وەزیری گواستنەوەی عێراقی لەسەرە بڕیاردراوە بە دوورخستنەوەی مەناف عەبدولمونعیم، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراق.

یەک شەممە، ١٢ تەمووز ٢٠٢٦، لە نوسراوەکەدا هاتووە کە بڕیارەکە لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و بە پشتبەستن بە ماددەی ١٧ـی یەکەم لە یاسای سزادانی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی ژمارە ١٤ ساڵی ١٩٩١ـی هەموارکراو، دەرکراوە.

وەهب سەلمان محەممەد حەسەنی بڕیاری داوە بە راسپاردنی مستەفا تالیب یوسف بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری کۆمپانیای گشتیی هێڵە ئاسمانیی عێراق لە ماوەی دوورخستنەوەی بەڕێوەبەری گشتت،  بڕیارەکەش لە رۆژی دەرچوونییەوە لە (١٢ تەمووز ٢٠٢٦)  جێبەجێ دەکرێت.

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، رۆژی سێ شەممە، ٣٠ حوزەیران ٢٠٢٦، بڵاوی کردەوە، توانیویانە بڕی ١٩  ملیار دینار بۆ گەنجینەی دەوڵەت بگەڕێننەوە، ئەو پارە گەڕاوەیە بە "فێڵکردن و یاریکردن" لە پسوولە بانکییەکانی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراقدا بردراوە.

سەبارەت بە هەمان بابەت عەلا حەیدەری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ٢٢ حوزەیران ٢٠٢٦ لە  پۆستێکدا نووسیبووی، مەناف عەبدولمونعیم، بەڕێوەبەری گشتیی هێڵە ئاسمانییەکانی عێراق، بە تۆمەتی "دزینی زیاتر لە ١١٥  ملیار دینار" دەستگیر کراوە.




PM:05:05:12/07/2026