دەستەی دەستپاکی عێراق راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە دەستگیرکردنی "چەند ئەفسەرێکی پلە باڵا و ٥ ئەندازیار" ، بە تۆمەتی گەندەڵی پەیوەست بە گرێبەستێک، بۆ نۆژەنکردنەوە و دابینكردنی کەلوپەل، بۆ نەخۆشخانەی هێزی ئاسمانی ڕۆستەمیە.
سێ شەممە، ١٤ تەمووز ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەی دەستەی دەستپاکیدا هاتووە "تیمە مەیدانییەکانمان بە هاوکاری لەگەڵ هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرا، توانیان بە فەرمانی دادگا دەستگیرکردنی چەند ئەفسەرێکی باڵا جێبەجێ بکرێت کە لیوا، عەمید و عەقیدن لەگەڵ ٥ ئەندازیار لە بەڕێوەبەرایەتیی ئامێرەکانی سەربازی".
بەپێی راگەیاندراوەکە دەستگیرکردنەکە دوای ئەوە هاتوە کە "گومان لە بوونی گەندەڵی هەبوو لە گرێبەستی گەشەپێدان، نۆژەنکردنەوە و دابینکردنی کەلوپەل بۆ نەخۆشخانەی هێزی ئاسمانی لە ناوچەی رووستەمییە لە باشووری بەغداد".
دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەشکردوە کە بڕی گرێبەستەکە زیاتر "لە ٩٢ ملیار دینار بووە و لەگەڵ کۆمپانیایەکی بیانی واژۆ کراوە"، بەڵام لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە سەرپێچیی گەورە لە کارەکەدا کراوە، لەوانە پێدانی گرێبەستەکە بە شێوەی ''راستەوخۆ'' و بەبێ کێبڕکێ، هەروەها زیادەڕۆییەکی زۆر لە نرخەکاندا کراوە و چەندین جار دەستکاریی تێچووی خەمڵێندراو کراوە، بۆ ئەوەی بڕی پارەکە بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات.
دەستەی دەستپاکی جاخت دەکاتەوە کە ڕاپۆرتی دەستبەسەرداگرتنی فەرمی بۆ ئۆپەراسیۆنەکە ئامادەکراوە، کە بەپێی بڕگەکانی ماددەی (٣٤٠)ـی یاسای سزادان ئەنجامدراوە، هاوکات لەگەڵ تۆمەتبار و کەلوپەلەکانی دەستبەسەرداگیراو، خراوەتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەوە، وەک ئامادەکارییەک بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوە و دیاریکردنی چارەنووسی تۆمەتبار.