لەکاتێکدا عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ یەکەم کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بە دەروازەی کۆشكی سپیدا تێدەپەڕی، گرووپە چەکدارەکانی عێراق لە میانەی پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران، دەستیان لەسەر پەلەپیتکەی تفەنگەکانیان بوو.
سەرچاوە ئەمنی و سیاسییەکان ئاشکرایان کردووە کە حکومەتی عێراق چاودێری جووڵەی ٧ بۆ ١٠ گرووپی چەکدار دەکات کە گومان دەکرێت پەیوەندییان بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە هەبێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لێکۆڵینەوەکان لەبارەی ئەگەری بەشداریکردنی ئەم گرووپانە لە هێرشەکانی سەر بنکە و شوێنەکانی ئەمریکا لە کەنداو و ئوردن بەردەوامە.
بەردەوامی هێرشە یەک لەدوای یەکەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران، ئەگەری گواستنەوەی هەندێک لە گرووپە چەکدارە شیعەکان لە قۆناغی چاودێرییەوە بۆ قۆناغی ڕووبەڕووبوونەوە زیاتر دەکات، ئەمەش مەترسی گەڕاندنەوەی عێراق بۆ ناو جەرگەی ململانێ هەرێمییەکان دروست دەکات.
شەوی پێش سەردانەکە، گرووپە چەکدارەکان دژایەتی خۆیان بۆ چوونی زەیدی بۆ واشنتن ڕاگەیاند، جارێکی تریش جەختیان لە ڕەتکردنەوەی بوونی ئەمریکا و هەر هاوبەشییەکی ئابووری یان ئەمنی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا کردەوە.
زەیدی بە سەرۆکایەتی شاندێکی گەورەی حکومی و ئابووریدا گەیشتە واشنتن، کە چەندان دۆسیەی وەبەرهێنان، وزە و تەکنەلۆجیایان لەگەڵ خۆیاندا بردووە، لەگەڵ دۆسیەکانی سنووردارکردنی چەک، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و داهاتووی پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا.]
زەیدی سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە کە حکومەتەکەی پێشکەوتنی لە دۆسیەی چەکداماڵینی ژمارەیەک لە گرووپە چەکدارەکان و تێکەڵکردنی هەندێکیان لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بەدەستهێناوە، ئەو پێیوایە کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق دەبێت بە قۆناغێکی نوێی هاوبەشی لەگەڵ واشنتن لە رووی ئابوریەوە.
شاندە عێراقییەکە لە ٢٧ بەرپرسی حکومی پێکهاتبوو، لەنێویاندا وەزیرانی دەرەوە، دارایی، نەوت، کارەبا و بازرگانی، جگە لە زیاتر لە ٣٠ بازرگان بۆ تاوتوێکردنی دەرفەتەکانی وەبەرهێنان چوونەتە ئەمەریکا.
سەرچاوە سیاسییەکان پێیانوایە زەیدی هەوڵی بەدەستهێنانی پشتگیریی ئەمریکا دەدات کە ڕێگەی پێبدات دۆسیە گەورەکانی گەندەڵی و تۆڕە داراییەکانی سەر بە گرووپە چەکدارەکان هەڵبداتەوە، هاوکات لەگەڵ ڕاکێشانی وەبەرهێنانی ئەمریکی و کەنداوی.
سەرچاوە ئاگادارەکان جەخت دەکەنەوە کە هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان چەکی سنووردار یان کۆنیان ڕادەست کردووە، لە کاتێکدا مووشەکە بالیستییەکان و چەکە قورسەکانیان لە دەرەوەی هەر ڕێککەوتنێک هێشتووەتەوە.
ڕەحیم عەبوودی، ئەندامی ڕەوتی حیکمە ڕایگەیاند" نزیکەی ٨٠٪ی دۆسیەی سنووردارکردنی چەک جێبەجێ کراوە، لە کاتێکدا هێشتا ٤ بۆ ٥ گرووپی چەکدار ڕەتیدەکەنەوە چەکەکانیان ڕادەست بکەن.
غازی فەیسەڵ، دیپلۆماتکاری پێشوو جەختی کردەوە کە کۆبوونەوەی هاوپەیمانی "بەڕێوەبردنی دەوڵەت" نیشانی داوە کە ڕێککەوتن هەیە لەسەر هێشتنەوەی چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا و، هۆشداری دا لە بەردەوامیی هەژموونی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و خاوەندارێتییان لە بنکە و کۆگاکانی چەک و مووشەک.
چاودێران پێیان وایە سەرکەوتنی سەردانەکەی واشنتن بەو ڕێککەوتنانە ناپێورێت کە واژۆ دەکرێن، بەڵکو بە توانای زەیدی دەپێورێت دوای گەڕانەوەی بۆ بەغدا بۆ تەواوکردنی کابینەی حکومەتەکەی، سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و، بەردەوامبوون لە پرۆسەی سنووردارکردنی چەک و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.