دەستەی دەستپاکی عێراق راگەیاندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و هۆشداری "توند دەداتە ئەو هاوڵاتیانەی هەوڵ دەدەن هەڵمەتی دەستگیرکردنی گەندەڵکاران" بۆ مەرامی تایبەتی بەکاربهێنن و "سەرانە وەربگرن".
چوار شەممە، ١٥ تەمووز ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "هەموو ئەو رێکار و ئۆپەراسیۆنە جۆراوجۆرانەی لە بەغدا و پارێزگاکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و پاراستنی ماڵی گشتیی ئەنجام دەدرێن، بەپێی نوسراوە یاساییەکان و لەژێر چاودێری و فەرمانی دەسەڵاتی دادوەریدان".
دەستەی دەستپاکی داواش دەکای دامەزراوە فەرمەییەکان "دڵنیابنەوە لە ناسنامەی ئەو کەسانەی پەیوەندییان پێوە دەکەن، چونکە هەندێک کەس بەناوی کارمەندی دەستەی دەستپاکی، هەوڵ دەدەن هەڵمەتەکانی ئێستا بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاربهێنن و بە مەبەستی چاوترسێنکردن، سەودا و مامەڵە بە هاوڵاتییانەوە بکەن".
"بە هیچ شێوەیەک وەڵامی ئەو کەسانە نەدرێتەوە کە لە دەرەوەی ڕێکارە فەرمییەکان پەیوەندی دەکەن و بانگەشەی کارکردن لە دەستەکە دەکەن"، دەستەی دەسپاکی وا دەڵێت.
دەستەی دەسپاکی داوا لە هاوڵاتییان دەکات لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی هەر حاڵەتێکی لەو شێوەیە، بە زووترین کات پەیوەندی بە ژمارەی بێبەرامبەری ١٥٤ ـەوە بکەن، تاوەکو ئەو سەرانەستێنانە لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەدا دەستگیر بکرێن.