لە قەزای شارەبانی سەر بە پەرێزگای دیالە، دەرمانسازێکی تەمەن ٢٧ ساڵ بە تۆمەتی بازرگانی بە مادەی هۆشبەر دەستگیرکرا.
چوار شەممە، ١٥ تەمووز ٢٠٢٦، سەرچاوەیەکی ئەمنی سەبارەت بە دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە رایگەیاند "تیمێکی ئەمنی هاوبەشی پۆلیس و پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان لە قەزای شارەبان، لە رێگەی بۆسەیەکی ورد و پلانداڕێژراوەوە، توانییان ئەو دەرمانسازە دەستگیربکەن، کە تۆمەتبارە بە بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر".
"ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر بنەمای زانیاری وردی هەواڵگری و چاودێریکردنی پێشوەختەی جوڵەکانی تۆمەتبارەکە کراوە"، سەرچاوە ئەمنیەکە وا دەڵیت.
بەپێی زانیارییەکان "لە کاتی دەستگیرکردنی ئەو دەرمانسازەدا، دەست بەسەر بڕێکی زۆر مادەی هۆشبەردا گیراوە کە پێکهاتوون لە هەزار و ٩٠٠ حەبی هۆشبەر، ٨٠ حەبی برێگابالینی جۆراوجۆر، ٩٥٠ حەبی ڤالیۆم و سێ بوتڵ شلەی مادەی هۆشبەر".
تۆمەتبار ناوی (و.س.م)ـە و لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٩ـەیە و وەک پزیشکی دەرمانساز لە شارەبان لە یەکێک لە دەرمانخانەکان کاری کردووە.