عێراق لیژنەیەکی باڵا
بۆ لێکۆڵینەوە لە وردەکاریی بەقاچاخبردنی ئەو چەک و تەقەمەنییانە پێکدەهێنێت کە لە
سنووری عێراقەوە بۆ ناو خاکی سوریا دەگوازرانەوە.
پێنجشەممە ١٦ی تەموز،
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە داوە، بە فەرمانی
عەلی فالح زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لیژنەیەکی باڵا لە لایەنە
پەیوەندیدار و تایبەتمەندەکان پێکهێنراوە بۆ زانینی وردەکاریی ئەو پرسە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی
عێراق رایگەیاند، هاوئاهەنگی لەگەڵ سوریا دەکەن بۆ زانینی وردەکارییە پەیوەندیدارەکان
بە بەقاچاخبردنی ئەو چەکانە و سزادانی ئەوانەی کەمتەرخەم بوون لە پاراستنی ئاسایش
و سەقامگیریی سنووری هاوبەشی نێوانیان و رێگری لە هەر هەوڵێک بۆ زیان گەیاندن بە
ئاسایشی نیشتمانی.
ئەو روونکردنەوەیەی
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لەدوای ئەوە بوو کە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سوریا
(سانا)، لە زاری سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە، هێزەکانیان
دەستیان بەسەر بارێکی چەکدا گرتووە کە لە سنووری عێراقەوە رەوانە کرابوو.
عێراق و هەرێمی
کوردستان، نزیکەی ٦١٨ کیلۆمەتر سنووری هاوبەشیان لەگەڵ سوریا و رۆژئاوای کوردستان
هەیە.