عەلی زەیدی ٤٨ رێکەوتن و یاداشتنامەی ئابووری لەگەڵ ئەمریکا واژۆکرد

عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی واژۆکردنی ٤٨ رێکەوتنامە و یاداشتی لێکگەیشتن و هاریکاریی ئابووری لەنێوان ئەمریکا و عێراقدا کرد.

ئەمڕۆ شەممە، ١٨ی تەموزی ٢٠٢٦، نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە "سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتی واژۆکردنی ٤٨ رێکەوتن و یاداشتنامەی لێکگەیشتن و هاوکاری و هاوبەشی نێوان کەرتە جیاوازەکانی گشتی و تایبەت لە عێراق و ئەمریکای کردووە، کە رێگایەکی روون بۆ هاریکاری ئابووری و دارایی لە نێوان هەردوو وڵات دادەمەزرێنێت، هەروەها پەیوەندییەکە دەگوازێتەوە بۆ ئاستێکی پێشکەوتووی ئاڵوگۆڕکردن کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوولا دەکات.



لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە "رێکەوتنەکان و یاداشتەکانی لێکگەیشتن بریتی بوون لە، هاوکاری و هاوبەشی نێوان وەزارەتەکانی نەوت و کارەبا و کۆمپانیاکانیان و کەرتەکانی دیکەی حکوومەت و ئێکسۆن مۆبیل، کەی بی ئاڕ، جی ئێی ڤێرنۆڤا، شێڵ و هالیبێرتۆن، هەروەها رێکەوتنێک بۆ هاوکاری و ناساندنی خزمەتگوزاری لە نێوان ستارلینک و دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان، رێکەوتنێکێکیش بۆ هاوکاری لەگەڵ هالیبێرتۆن
".

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "ئەو رێکەوتنانەی لەنێوان هەردوولا واژۆکراون، یاداشتێکی لێکگەیشتنی نێوان کیلایت تەکنەلۆجیا و کەرتی تایبەتی عێراقیشی لەخۆگرتبوو، هەروەها کۆمپانیای پێپسیکۆ و ژمارەیەک کۆمپانیای دیکە سەبارەت بە درێژکردنەوەی بۆری نەوتی بانیاس لەسەر دەریای ناوەڕاست رێکەوتن، رێکەوتنی هاوبەش لەبواری پەروەردە و رێکەوتنێکی دیکەش لە نێوان کەرتی تایبەت لەبواری دابینکردن و دروستکردنی دەرمان واژۆکراوە".

باسی لەوەشکردووە، رێکەوتن و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ KBR , UOP Polaris کۆمەڵەی ئەندازیارانی وزە AEE و PPTA پێشەنگ لە تۆڕە ئەلیکترۆنییەکان واژۆکراوە، هەروەها دوو رێکەوتن لەگەڵ فریتۆ لای بۆ پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیاکانی تایبەتمەند لە بوارەکانی کشتوکاڵی، بازرگانی و پیشەسازی.

رۆژی دووشەممەی رابردوو، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەسەردانێکی فەرمی لەگەڵ شاندێکی باڵا گەیشتنە واشنتۆن، وتەبێژی حکومەتی عێراق، حەیدەر عەبودی رایگەیاند، ئامانجی سەردانەکەی زەیدی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانە لەنێوان هەردوولا.




AM:09:09:18/07/2026