دەستەی دەستپاکی: چوار فەرمانبەرمان دەستگیرکرد


دەستەی دەستپاکی فیدراڵیی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا زانیاری سەبارەت بە دەستگیرکردنی ٤ فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی دیوانیە بە تۆمەتی "گەندەڵی و زیانگەیاندن بە بەرژەوەندی گشتی".

شەممە، ١٨ تەمووز ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەی دەستەی دەستپاکیدا هاتووە کە "تیمێکی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی دیوانیە بە پشتبەستن بە فەرمانی دادوەر، چوونەتە سەر شارەوانیی شارەکە و سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی وردبینیی داواکارییەکانی وەرگرتنی پارچە زەوییان دەستگیر کردووە".

"سەرۆکی لیژنەکە کە هاوکات بەرپرسی هۆبەی یاساییە لە شارەوانیی دیوانیە، لەگەڵ سێ فەرمانبەری دیکەی ئەندامی لیژنەکە، رەزامەندییان داوە لەسەر بەڕێوەچوونی رێکارەکانی تەملیککردنی پارچە زەوی بۆ توێژی پارێزەران، سەرەڕای ئەوەی گومان و بەڵگەی ساختەکاری و دەستکاریکردن لە مامەڵەکاندا هەبووە"، دەستەی دەستپاکی وا دەڵێت.

دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەشکردوە کە "ئەو فەرمانبەرانە بە ئەنقەست زیانیان بە دارایی و بەرژەوەندیی ئەو فەرمانگەیەی گەیاندووە کە کاری تێدا دەکەن".

لە کۆتایی راگەیاندراوەکەدا هاتووە کە تۆمەتبارەکان دوای دەستگیرکردنیان رووبەڕووی دادوەری لێکۆڵینەوەی دیوانییە کراونەتەوە کە تایبەتە بە دۆسیەکانی دەستپاکی. دادوەر بڕیاری دا بە راگرتنی هەر ٤ فەرمانبەرەکە بەگوێرەی مادەی ٣٤٠ لە یاسای سزاکانی عێراق، کە تایبەتە بە سزادانی ئەو فەرمانبەرانەی بە ئەنقەست زیان بە دارایی دەوڵەت دەگەیێنن.




PM:04:23:18/07/2026