عێراق.. ٧ بانک دەگەڕێنرێنەوە ناو سیستەمی حەواڵەی دەرەکی


نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی راگەیاندراوێکی بڵاوکردوەتەوە سەبارەت بە هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکا لەسەر ٧ بانکی عێراق.

شەممە، ١٨ تەمووز ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "لە دوای سەردانە فەرمییەکەی عەلی زەیدی و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا و لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق زنجیرەیەک کۆبوونەوەی ئاست بەرزی لەگەڵ بەرپرسانی گەنجینەی ئەمریکا ئەنجامدا".

لە بارەی ئەنجامی ئەو کۆبونەوانەوە نوسینگەی سەرۆک وەزیران وتویەتی "ئەم کۆبوونەوانە بوونە هۆی گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش بۆ گەڕاندنەوەی بانکە سنووردارکراوەکانی عێراق بۆ کەناڵەکانی حەواڵەی دەرەکیی کە پەیوەست نین بە دۆلاری ئەمریکییەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی بانکەکان مەرج و پێوەرە پەسندکراوەکانیان لە بوارەکانی پابەندبوون و حوکمڕانیدا جێبەجێ کردووە و قۆناغی یەکەمی بەرنامەی چاکسازیی کەرتی بانکی و پێدانی مۆڵەتی نوێیان کە لە لایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە جێبەجێ دەکرێت".

نوسینگەی عەلی زەیدی دەشڵێت "بانکەکان دەتوانن پێداویستییەکانی چاکسازی و نوێکردنەوەی مۆڵەتەکانیان تەواو بکەن، شایستەیی خۆیان بۆ ئەنجامدانی مامەڵە بە دۆلاری ئەمریکی بەدەست دەهێننەوە، ئەوەش کاتێک کە سەرجەم رێکار و مەرجە رێکخراوەییە پەیوەندیدارەکان جێبەجێ بکەن.".

لە هەمان کاتدا بانکی ناوەندیی عێراق ئاشکرای کردووە "ئێستا ٧ بانکی شایستە هەن بۆ گەڕانەوە و کارکردن لە چوارچێوەی کەناڵەکانی حەواڵەی دەرەکیی کە پەیوەست نین بە دۆلارەوە (واتە بە دراوەکانی دیکە مامەڵە دەکەن) و لە داهاتووشدا مافی مامەڵەکردنیان بە دۆلاری ئەمریکی دەبێت، دوای ئەوەی قۆناغەکانی دیکەی تایبەت بە مەرجەکانی پابەندبوون و حوکمڕانی دەبڕن".




PM:05:34:18/07/2026