لەبەغدا دەست بەسەر کارگەیەکی دروستکردنی درۆندا گیرا

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریی ورددا لە بەغدا، توانیویانە هەوڵێکی دروستکردنی درۆن پووچەڵ بکەنەوە و دەست بەسەر وەرشەیەک و چەندین هەیکەلی درۆندا بگرن.

سێشەممە، ٢١ی تەموز، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، دوای هەوڵێکی هەواڵگریی ورد، مەفرەزەکانیان توانیویانە لەناو جەرگەی شاری بەغدا رێگری لە هەوڵێک بکەن بۆ دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و سێ تۆمەتباریش لەسەر ئەو چالاکییە دەستگیر کراون.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ئۆپەراسیۆنەکە بە سەرپەرشتی راستەوخۆی دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی سێیەمی تایبەت بە کێشەکانی دەزگاکە ئەنجام دراوە. لە کاتی پشکنینی شوێنەکەدا، دەست بەسەر ٢٥ هەیکەلی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەندین ئامێر و کەرەستەی جۆراوجۆردا گیراوە کە لە کۆکردنەوە و بەرهەمهێناندا بەکار دەهێنران.

هەروەها ئاسایشی نیشتمانی ئاشکرای کردووە کە لەناو ئەو کارگەیەدا دەست بەسەر بڕێکی زۆر لە پارچە و تەختەی دروستکراو لە ماددەی "کاربۆن" و پێداویستییە هونەرییەکانی دیکەی بەرهەمهێناندا گیراوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم هەوڵە پێش ئەوەی بگاتە قۆناخی کۆتایی پووچەڵ کراوەتەوە، لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی هەر پەیوەندییەکی ئەم کارگەیە بە پلانە مەترسییەکانی سەر ئاسایشی نیشتمانی، تاوەکو تۆمەتباران رەوانەی دادگا بکرێن و سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەربگرن.




PM:04:18:21/07/2026