نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند'' ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٣ی تەممووزی ٢٠٢٦ عەلی فالح زەیدی بە سەردانێکی فەرمی بەرەو تاران بەڕێکەوت بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران.''
لە بەرامبەردا مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی هاوبەشی هاوکاریی ئابووریی هەردوو وڵاتدا سەردانەکەی عەلی زەیدی بە ڕووداوێکی زۆر گرنگ و خاڵی وەرچەرخان لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکاندا وەسف کرد.
پزیشکیان جەختی لەسەر ڕەگی مێژوویی و کولتووریی پەیوەندییەکانی بەغدا و تاران کردەوە و داوای لە سەرجەم دامودەزگاکانی وڵاتەکەی کرد هەماهەنگیی تەواو بکەن بۆ هێنانەدی ڕێککەوتنەکان و بەهێزکردنی کەرتی تایبەت و وەبەرهێنان
بەپێی ڕاگەیەندراوەکانی حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکوومەتی عێراق کارنامەی گەشتەکەی عەلی زەیدی بۆ تاران چەند تەوەرێکی سەرەکی لەخۆدەگرێت لەوانە پەرەپێدانی هاوکارییە ئابوورییەکان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و کاراکردنی ڕۆڵی کەرتی تایبەتی هەردوو وڵات هاوکات تاوتوێکردنی پڕۆژەکانی ژێرخان و کەرتی گواستنەوە و دۆسیەی وزە و گاز و پەرەپێدانی هەماهەنگی لە بواری کشتوکاڵیدا
لە بەشێکی دیکەی کارنامەی سەردانەکەدا گفتوگۆکردن لەسەر دۆسیەی ئاو و سەرچاوەکانی ئاو لەگەڵ خستنەڕووی دەستپێشخەریی دیپلۆماسیی عێراق بۆ هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە تاوتوێ دەکرێن