حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند'' بڕیارە سبەی سێشەممە عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەسەر بانگهێشتی فەرمیی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵا بگاتە ئەنقەرە.''
لەم سەردانەدا شاندەکەی بەغدا کۆمەڵێک دۆسیەی گرنگ و ستراتیژی لەوانە هاوکاریی ئابووری، ڕێگەی گەشەپێدان، وزە، قەیرانەکانی ناوچەکە و بە تایبەتی پرسی ئاو و هەناردەکردنەوەی نەوت تاوتوێ دەکەن.
موسەننا ئەمین، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە بەغدا دەیوێت لەم سەردانەدا پابەندیی تورکیا بۆ زیادکردنی بەردانەوەی ئاوی دیجلە و فورات و چارەسەری پرسی نەوت بەدەستبهێنێت.
هاوکات محەممەد حەنوون، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانییش ڕوونی کردەوە کە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی هەردوو وڵات ساڵی ڕابردوو ١٤ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە و لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦یشدا گەیشتووەتە ٣.٧ ملیار دۆلار، کە هەوڵ دەدرێت ئاستەنگەکانی بەرپێی زیاتر بکرێنەوە.
لە لایەکی دیکەوە، بەشداربوونی وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان و پارێزگاری کەرکووک لە نێو شاندەکەدا ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ بایەخی تایبەتی پرسی ئاو و پێگەی کەرکووک لە هاوکێشە نەوتی و بازرگانییەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرەدا، کە بڕیارە لەم گفتوگۆیانەدا یەکلایی بكرێنەوە.