لەپەرلەمانی عێراق، لیستی دەوڵەتی یاسا لەسەر شکستی سووپا لە رومادی پرۆژەی بڕیارێک پێشکەشی پەرلەمان دەکەن و لەبەشێکی پرۆژەکەدا هێرش دەکرێتە سەر کوردو، پەرلەمانتارێکی کوردیش لەسەر ئەو پرسە دەبێت بە دەمەقاڵێی لەگەڵ پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاسادا.
کاوە محەمەد پەرلەمانتاری گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ سپی، ئەو دەمەقاڵییەی ئاشکرا کرد کە ئەمڕۆ لەگەڵ پەرلەمانتارێکی لیستی دەوڵەتی یاسادا لەدانیشتنی فەرمی پەرلەماندا بۆی دروستبووە.
ئەو وتی لیستی دەوڵەتی یاسای مالکی، پرۆژەی بەیانێکی پێشکەشی پەرلەمان کردووە بە ئیمزای ٧٠ ئەندامەوە لەسەر رووداوەکانی ئەنبار کە بڕگەیەکی تایبەت بووە بە کوردستان و هێرشکردنە سەر هەرێم بەوەی " داڵدەی ئیرهابییەکان دەدەن".
ئەو پەرلەمانتارە کوردە وتی" لەنێو هۆڵی پەرلەماندا بەپێویستم زانی بەرپەرچیان بدەمەوەو ئاماژەم بۆ ئەوە کرد کە هێزی پێشمەرگە زیاتر لە ١٢٠٠شەهید و پێنج هەزار برینداری هەیە، ٢ ملیۆن ئاوارە لەهەرێم دەژین، باس لەو هەموو قوربانی و تێکۆشانە ناکرێت، بەڵام باس لەوە دەکرێت کە چەند کەسێک لەلایەن هەرێمەوە داڵدە دەدرێت، ئەگەر جۆرە کەسێکی واش هەبێت ئەوا دادگاکان هەیەو دەکرێت لەوێوە بەدواداچوونی بۆ بکرێت، هەروەها پێم وتن هەرێم نییە داڵدەی تیرۆر دەکات ئەوە چەکەکانی ئێوەیە لەموسڵ جێتان هێشتوو ئێستا بەدەست داعشەوەیە".
کاوە محەمەد وتی" لەلایەن پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاساوە بەناوی عامر خەزاعیەوە هێرش کرایە سەرم و هەرێم و منیش وەڵامم دایەوە".
پرۆژە یاساکە لەلایەن سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە ئاراستەی لیژنەی ئاسایش و ناوخۆ لیژنەی کۆچ و کۆچ بەران و لیژنەی مافی مرۆڤ کرا تا دەقی پرۆژەکە گەڵاڵە بکەن، بۆ ئەوە لە دانیشتنەکانی داهاتوودا بخرێتە دەنگدانەوە.
لەپرۆژەکەدا هاتووە لێپێچینەوە لەفەرماندە سەربازییەکان بکرێت، حەشدی شەعبی بکرێتە هێزێکی نیزامی، هاوکات هێزەکانی سووپاو هێزە ئەمنییەکان رێکبخرێنەوە، پلانە سەربازییەکان چاوی پیابخشێنرێتەوە، پشتیوانی لە هێزە سەربازییەکانی عێراق بکرێت، رێگا بەئاوارەکانی ئەنبار بدرێت بێ هیچ مەرجێک بچنە شاری بەغداوەو هاوکاری بکرێن.