روسیا: لای ئیمە شه‌ڕی سوریا و عیراق لەیەک جیاکراوە نین

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ وەفدی لیژنەی به‌رگری وئاسایشی پەرلەمانی عێراق کە بەسەردانێکی فەرمی و لە سەر بنگهێشتی دەوڵەتی روسیا لە مۆسکۆی پایتەختی ئەو وڵاتەن لە تەلاری وەزارەتی دەرەوەی روسیا لەگەڵ میخائیل بەگدانۆفدا کۆبونەوە .

هۆشیار عه‌بدوڵا ئه‌ندامی وه‌فده‌كه‌ی په‌رله‌مانی عێراق و به‌شدار له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ زانیارییه‌كانی ناو كۆبوونه‌وه‌ی ئاشكرا كرد و رایگه‌یاند: لە دیدارەکەدا حاکم زاملی سەرۆکی لیژنەی به‌رگری و ئاسایش وێرای سوپاسکردن وتی، عێراق بە چاوەروانی و ئومێدێکی زۆرەوە بۆ هەوڵەکانی روسیا لە پێناو دژایەتیکردنی تیرۆر دەروانێت هەروەک ئومێدەوارە روسیا رۆلی خۆی لە پڕچه‌كردن وراهێنانی سوپای عیراقیدا ببینێت .

بەگدانۆف بریکاری وەزیری دەرەوەی روسیایه‌ و هەرەوەها نێردراوی تایبەتی سەرۆکی روسیایە بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەوڵەتانی ئەفریقیا .

بەگدانۆف پێشتر لەچەند وڵاتیكی عەرەبی سەفیری روسیا بوە لەوانە یەمەن ، لوبنان ، سوریا ، ئیسرائیل ، میسر.

هۆشیار عه‌بدوڵا له‌باره‌ی وته‌كانی به‌گدانۆف له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وتی: بەگدانۆف رایگەیاند داعش مۆدێلێکی نوێی تیرۆره‌ کە ناوی لە خۆی ناوە دەوڵەت و وێنه‌ی جوگرافیای دەوڵەتەکەشی دایاریکردوە.

به‌گدانۆف وتیشی:  بە لای روسیاوە داعش مەترسییە لەسەر ناوچەکە و وەک زۆربەی دەوڵەتانی تر هه‌ڕه‌شه‌ی ئاسایشی خاکی روسیاش دەکات.

هۆشیار عه‌بدوڵا ئاماژه‌ی به‌ قسه‌كانی دیكه‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌ روسیه‌ ده‌كات و ده‌ڵێ: له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌گدانۆف ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ روسیا باوەری بە هاوپه‌یمانێتی فراوان هەیە بۆ دژایەتی تیرۆر، کاتێک بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک لێدانە ئاسمانیەکان لە سوریا لە لایەن ئەمریکاوە سودیان نەبوو، لەسەر داوای فەرمی و نوسراوی سوریا هێرشی ئاسمانیان ده‌ست پێكرد .

ده‌شڵێ: بریکاری وەزیری دەرەوەی روسیا وتیشی، ئێمە لە رابردودا کێشەی تیرۆرمان هەبوە و ئێستاش هەمانە و تەنانەت زۆر جار تەقینەوە لە زۆر شوێن روویداوه.

ئه‌و به‌رپرسه‌ی رووسیا له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌روه‌ها ده‌ڵێ:  لای ئێمە دوو بنەما گرنگن یەکێکیان تەدەخول لە سیادەی هەر وڵاتێک یان دەبێ بە بریاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایش بێت یان لەسەر داوای حکومەتی شەرعی وڵاتەکە خۆی ، هەروەک لای ئێمە  تیرۆر تیرۆه‌ و شتێک نیە بە ناوی تیرۆری توند.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی هۆشیار عه‌بدوڵا ئاشكرایكردوون، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، به‌رپرسه‌كه‌ی رووسیا وتویه‌تی: لەسەر سوریا ئێمە مەبەستمانە بە حەلی سیاسی چارەسەری کێشەکان بکەین، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نیە پشتیوانی مانەوەی بەشار ئەسەد بکەین بۆ ئێمە گرنگە بەدیلی سیستمی سیاسی ئێستا نەبێتە داعش، پێشمان وایە کێ دەبێتە بەدیلی بەشار ئەوە مەسلەیەکی ناوخۆیی سوریایە و دەبێ سورییەکان بریاری لیبدەن .

ئه‌ندامه‌كه‌ی وه‌فده‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی عێراق هه‌روه‌ها ده‌ڵێ: بەگدانۆف بە بایەخەوە بۆ ژوری هاوبەشی ئالۆگۆری زانیاری هەوالگری نێوان روسیا و عێراق و سوریا و ئیڕانی روانی و وتی دەرگا بۆ بەشداری دەوڵاتانی تریش کراوەیە  ورەتیکردەوە روسیا پشتیوانی هیچ لایه‌نێك  بۆ نمونە شیعی بکات دژی سوننە وەک چۆن پێچەوانەکەشی ناکەن ئەوان مەبەستیانە هاوپیه‌مانی هاوبەش هەبێت و کێشەکان لە سەرمێزی گفتگۆ چارەسەر بکرێن .

وەفدی عێراق چەند تەوەرێکیان لەگەڵ بەگدانۆفدا تاوتوێکرد لەوانە مەسەلەی رۆڵیان لە سەرلەنوێ بونیاد نانەوەی دامەزراوەی سەربازی و هاوکاریکردنی عراق لە کێشەی ئاواره‌كان و هاوکاریکردنی هێزە عێراقیەکان لە ناویاندا پیشمەرگە .

له‌ وه‌ڵامدا بەگدانۆف وتی:  لای ئیمە شه‌ڕی سوریا و عیراق لەیەک جیاکراوە نین و داعش سنوری ئەو دوو وڵاتەی نەهێشتوە بۆیە لێدانەکانمان لە سوریا کاریگەری زۆری لەسەر لاوازکردنی داعش لە عیراقیشدا دەبێت و لە پەیوەندی  و هاوکاری بەردەوامیشداین .




PM:02:48:13/11/2015