سپی هۆکاری بەشداریکردنی سێ پەرلەمانتاری کورد لە لادانی ئارامی شێخ محەمەد ئاشکرا دەکات

ئەو سێ ئەندام پەرلەمانەی لیستی گۆڕان‌و یەکێتی و یەکگرتوو بۆیە بەشداری کۆبوونەوەی ١٧٤ ئەندام پەرلەمانەکەیان کردووە، تا زامنی پشکی کورد بکەن لە سەرۆکایەتی ئایندەی پەرلەمان‌و کابینەی نوێی حکومەتی بەغدا.

بەپێی زانیارییەکانی سپی، ئامانجی بەشداریکردنی  هەریەک لە تاڤگە ئەحمەد لەگۆڕان و رێزان شێخ دلێر لە یەکێتی و عادل نوری لە یەکگرتوو، بۆ ئەوەبووە کە کورد کەناگیرنەکەوێت لە پێکهێنانی سەرۆکایەتی نوێی پەرلەمان و حکومەتی نوێی عێراقی دوای عەبادی.
ئەو پەرلەمانتارانە پێیانوایە بەشدارینەکردنی کورد، دووچاری کەناگیری دەکردن و بێ بەشی دەبوون لە پۆستە گرنگەکانی پەرلەمان و حکومەتی ئایندەی عێراق.

هەر سێ پەرلەمانتارەکە پێیانوایە بەشداریکردنی ئەوان لەمانگرتنی پەرلەمانتاران و دواتر گۆڕینی سەرۆکایەتی پەرلەمان، رێگا لە پارتی دەگرێت کە دەیویست بیانوویەک بدۆزێتەوەو لەم بارودۆخە خراپە سیاسی و ئابورییەی هەرێمدا بایکۆت حکومەتی بەغدا بکەن، کە ئەوان پێیانوایە بایکۆتکردنی بەغدا لەلایەن کوردەوە لەم بارودۆخەدا جگە لەکارەسات هیچی تری بەدوادا نایەت.  

بەپێی زانیارییەکانی سپی هەر سێ پەرلەمانتارەکە لەلایەن حیزبەکانیانەوە رووبەرووی گووشاری زۆربوونەتەوە کە بگەڕێنەوە بۆ کۆدەنگی کوردی" ئیجماعی" کورد، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانە ئەو سێ پەرلەمانتارە، سازش ناکەن و بەردەوام دەبن لەسەر هەڵوێستەکانیان لە گۆرینی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی حکومەت و پێکهێنانی کابینەی نوێ.
ئەمڕۆ بەئیمزای ١٧٤ ئەندام پەرلەمان و بەبەشداری ١٧١ ئەندام پەرلەمان بەو سێ پەرلەمانتارە کوردەشەوە، سەرۆکی پەرلەمان سەلیم جەبوری و جێگرەکانی هومام حەمودی و ئارام شیخ محەمەدیان گۆڕی و شەممە سەرۆکایەتی نوێ هەڵدەبژێرن و دوای لەماوەی ١٤ رۆژدا وەک دەستور ئاماژەی بۆ دەکات سەرۆکی حکومەتیش دەگۆڕن.  
 




PM:09:37:14/04/2016