هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق دواخرا

هەرسێ سەرۆكایەتی دەوڵەتی عیراق بڕیاری دا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بۆ ساڵی 2018 دوابخات.


ئەمڕۆ (10/11) وائیل ئەلوائیلی سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردن رایگەیاند، نوسراوێك لە سەرۆكایەتی كۆماری عیراقەوە ئاراستەی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كراوە و تێیدا ئەوە رونكراوەتەوە، كە هەرسێ سەرۆكایەتی كۆمار و نوێنەران و وەزیران گەیشتونەتە ئەو بڕیارەی پرۆسەی هەڵبژاردن لەو پارێزگایانەی عیراقدا بەڕێوەنەچێت، كە لەچوارچێوەی هەرێمدا نین و دوادەخرێت بۆ رۆژی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەران، كە بڕیارە ساڵی 2018 ئەنجام بدرێت.


سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردن لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق دوپاتیشیكردۆتەوە، كە لە نوسراوەكەدا ئاماژە بۆ ئەوەكراوە، كە ئەنجومەنی وەزیران یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزا و ناحییەكان هەموار دەكاتەوە، یاخود پرۆژە یاسایەكی نوێ بۆ ئەو مەبەستە ئامادە دەكات.




PM:03:35:10/11/2016