سەرکردەیەکی باڵای حەشدی شەعبی فەتوای کوشتنی پەرلەمانتارێکی عێراق دەردەکات.
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا، واسق بەتات، ئەمینداری گشتیی میلیشیای حزبوڵڵای عێراقی، کە یەکێکە لە بەرپرسەکانی حەشدی شەعبی، بە چەکدارەکانی رادەگەیەنێت، کە کوشتنی عەباس بەیاتی، سەرکردەی تورکمانی شیعەمەزهەب ئەرکە لەسەریان، ئەگەر نا نابێ خۆیان بە موجاهید بزانن.
واسق بەتات رایگەیاندووە، دەبێ عەباس بەیاتی تۆبە بکات و داوای لێبووردن بکات، ئەگەرنا "دەبێ بکوژرێ، چونکە مەرگەساتی کوشتنی ئیمام عەلی بە بیر هێناینەوە".
ئەو سەرکردەیەی حەشدی شەعبی هەروەها رایگەیاندووە، بەیاتی سووکایەتی بە ئیمام عەلی و پیرۆزییەکانی شیعە کردووە و هەر کەسێکیش بەرگریی لێ بکات، "سزای مردنی بەسەردا دەسەپێنین".
پێشتر عەباس بەیاتی لە کەناڵێکی وڵاتەکەیدا، هەر پێنج لیستی نەسری حەشدی شەعبی، دەوڵەتی یاسای نوری مالیکی، فەتحی عەبادی، حیکمەی عەمار حەکیم و سائیرونی بە هەر پێنج کەسایەتییە پیرۆزەکەی شیعەمەزهەبەکان (محەمەدی پێغەمبەری خوا، عەلی کوڕی ئەوب تاڵیب، فاتیمەی کچی پێغەمبەر، حوسێن و حەسەنی کوڕانی عەلی کوڕی ئەبو تاڵیب) شوبهاندبوو.
لای شیعەمەزهەبەکان پێغەمبەری ئیسلام و ئەو چوار ئیمامە پیرۆزترینن و قسەکردن لەسەریان دەرچوونە لە دین.