رۆژی ٣ ی ئەیلول یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێی عێراق ئەنجامدەدرێت و سەرەتا د. سەلیم جەبوری دانیشتنەکە دەکاتەوەو دواتر لەلایەن بەتەمەنترین ئەندامی نوێی پەرلەمان ، د.محەمەد عەلی زینی تەمەن (79) ساڵەوە بەڕێوەدەبرێت.
رۆژی دوشەممەی داهاتوو یەکەم دانیشتنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنهرانی عیراقی بهڕێوهبچێت، سەرەتای کۆبونەوەکە بە سرودی نیشتیمانی عێراق دەست پێدەکات و پاش خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز و فاتیحە بۆ گیانی پاکی شەهیدان، سەلیم جبوری سەرۆکی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەران وتارێک دەخوێنێتەوە و دواتر هەریەکە لە فوئاد مەعسوم سەرۆک کۆماری عێراق و حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق وتار پێشکەش دەکەن.
دوای وتارەکان، دانیشتنی فەرمی بە سەرۆکایەتی بە تەمەنترین پەرلەمانتاری هەڵبژێردراو دەست پێدەکات،کە د.محەمەد عەلی زینی تەمەن (79) ساڵەو دواتر پەرلەمانتارانی خولی چوارەم سوێندی یاسایی دەخۆن کە دەقەکەی بە زمانی کوردی بەمشێوەیەیە :"سوێند بێت بە خوای بەرز و مەزن، کە ئەرک و بەرپرسیارێتییە یاساییەکانم بە لێبڕاوی و دڵسۆزییەوە جێبەجێ بکەم و پارێزگاریی لە سەربەخۆیی و سەروەری عێراق بکەم و رەچاوی بەرژەوەندی گەلەکەی بکەم و شەونخونی بکەم بۆ پارێزراوی ئاسمان و زەوی و ئاو و سامان و رژێمە دیموکراتییە فیدراڵییەکەی و کاربکەم بۆ پاراستنی ئازادییە گشتیی و تایبەتیەکان و سەربەخۆیی دادوەری، پابەندبم بە جێبەجێکردنی یاساکان بە سپاردەیی و بێلایەنییەوە، خواش شایەتی ئەوەیە کە دەیڵێم".
دواتر کاتی کۆبونەوەی داهاتووی پەرلەمان دیاری دەکرێت و بە سرودی نیشتیمانیی کۆتایی بە دانیشتنەکە دەهێنرێت.
د.محەمەد عەلی زینی ساڵی (1939) لە شاری نەجەف لە دایک بوە و کاندیدی لیستی هاوپەیمانی مەدەنی دیموکراتی بوە بۆ هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی (12)ی ئایار، کە بەبێ ئەنجامدانی هیچ بانگەشەیەکی هەڵبژاردن و هەڵواسینی پۆستەر و ریکلامی تەلەفزیۆنی توانی (7) هەزار دەنگ بەدەستبهێنێت لە بازنەی پارێزگای بەغدا و کورسییەکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی مسۆگەر کرد.